تای خوێنبەربوون چییە و چۆن مرۆڤ نەخۆشدەخات؟

چەند رێنماییەك بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون
بۆ خۆپارێزی له‌ تای خوێنبه‌ربوون كێڵگه‌كانی كه‌ركووك ده‌ڕشێنن.. فۆتۆ: AFP
بۆ خۆپارێزی له‌ تای خوێنبه‌ربوون كێڵگه‌كانی كه‌ركووك ده‌ڕشێنن.. فۆتۆ: AFP

K24 - هه‌ولێر:

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکە لە رێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بە (پەتای کۆنگۆ)ش ناسراوە، 40%ی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەبێت.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە رێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە هەڵیدەگرێت و دەیگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.

تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).

شێوازەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون

یەکەم: ئەگەر مرۆڤ دەست لەو (گەنە)یەی بە جەستەی ئاژەڵەوەیە بدات، یان خوێنی ئەو زیندەوەرە بچوکە بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

دووەم: ئەگەر ئاژەڵێکی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون سەرببڕدرێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە دەکات.

بەڵام شیر و گۆشتی ئاژەڵێك کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە:

1- بوونی تایەکی بەرز.

2- هەبوونی ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان.

3- بێهێزبوون.

4- هەستکردن بە گێژبوون.

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکە پێویستە، پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش بکرێت و جیابکرێتەوە لە نەخۆشی دیکە، چونکە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.

ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبکرێت، ئەو نەخۆشانەش کە نیشانەی سکچوون و رشانەوەیان هه‌یه‌، بۆ چارەسەرکردنیان و پاراستنیان لە وشکبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.

پێویستە بۆ خۆپاراستن لە خۆشییەکە ئەم رێنماییە جێبەجێ بکەین:

1- دوورکەوتنەوە لە کڕینی گۆشتی ئاژەڵی سەرشەقامەکان و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان.

2- ئەو کەسانەی گۆشت دەفرۆشن (قەسابەکان) پێویستە دەستکێش و پۆشاکی تایبەت بەکاربهێنن.

3- بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان تێدا بەخێودەکرێت، بۆئەوەی ئاژەڵەکان نەبنە هەڵگری نەخۆشییەکە.

4- دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە پێدەچێت گەنە و مێرووەکانی تێدابێت.

5- پێویستە پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی فڕێنەدرێتە سەر شەقام و کۆڵانەکان، دەبێت پاشماوەکان بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەکان لەناوببرێن.