مەترسییەکانی داکەوتنی گەشەی ئابووری نرخی نەوتی دابەزاند

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 1.2% دابەزی

K24 - هەولێر

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا بە رێژەی %1 دابەزی، هۆکاری ئەو دابەزینەش بە درێژایی ئەم هەفتەیە بۆ مەترسییەکان لە سستبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان دەگەڕێتەوە، کە مەترسی هەیە ناکۆکی و دڵەڕاوکێ جیۆسیاسییەکان لە ئەوروپا کاریگەری لەسەر خواست و خستنەڕووی نەوت هەبێت.

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 1.2% بۆ 106.26 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 1.2% بۆ 104.47 دۆلار دابەزی.

چەندین فاکتەری دیکەش گوشاریان کردووەتە سەر نرخی نەوت لە دیارترینیشیان بەرزکردنەوەی نرخی سوو بە بەرزترین ئاست لە دوو دەیەی رابردوودا لەلایەن ئەمەریکاوە، هەروەها تەشەنەسەندنەوەی کۆرۆنا لە چین، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان.

هاوکات بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، نرخی نەوت لە دەستپێکی ئەمساڵەوە بە رێژەی زیاتر لە 35% بەرزبووەتەوە، و پێشبینیش دەکرێت سزادانی کەرتی نەوتی رووسیا لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە نرخی نەوت زیاتر بەرزبکاتەوە.