سزاکانی بەریتانیا خۆشەویستەکەی پوتنیش دەگرێتەوە

ئیلینا دایکی سێ لە منداڵەکانی پوتنە
ئەلینا کابایڤا و ڤلادیمێر پوتن
ئەلینا کابایڤا و ڤلادیمێر پوتن

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئایاری 2022، حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 12 کەسی نزیک لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا سەپاند، یەکێک لەوانەش خۆشەویستەکەی پوتنە.

خێزانی پێشووی پوتن، لیۆدمیلا ئۆچێرتنایا و خۆشەویستی ئێستای ئیلینا کاپیێڤا هەردوو لە لیستی سزادراوانی بەریتانیان، کە تۆمەتی شاردنەوەی ملیاران دۆلاریان دراوەتە پاڵ.

لەلایەکی دیکەوە یەکێتی ئەوروپا هەفتەی پێشوو، پێشنیاری سزادانی خۆشەویستەکەی پوتنیان کردووە و لە دۆکیومێنتێکدا ئاماژەیان بەوە داوە، "بەپێی زانیاری حکومەتەکانی رۆژئاوا بێت، ئەلینا کابایڤا دایکی سێ لە منداڵەکانی پوتنە."

سەرەڕای سزاکانی بەریتانیا و ئەوروپا، تا ئێستا خۆشەویستەکەی پوتن، ئەلینا لەلایەن ئەمەریکاوە بەئامانج نەگیراوە.

ئیلینا کاپیێڤا، تەمەنی 39 ساڵە، بەڕێوەبەرێکی میدیای و سیاسەتمەدارێکی رووسیە. 8 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن پوتنەوە پۆستی سەرپەرشتیاری "گرووپی میدیای نیشتمانی" پێدرا کە کرملین پشتگیری دەکات، پێش ئەوەی بچێتە بواری کاری سیاسی و میدیایەوە یاریزانی جیمناستیک بووە و دووجار مەدالیای ئۆڵمپیکی پێ بەخشراوە.