زانكۆكانی كوردستان پێشوازی له پهسهندكردنی پڕۆژهیاسای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان دهكهن

K24 - ههولێر:
هەریەكه لە سەرۆك زانکۆکانی ئەمهریکی لە دهۆک و سلێمانی و سەرۆکی زاکۆی کوردستان لە هەولێر، پێشوازی لە پرۆژەیاسایەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن، کە تایبەتە بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رەشنووسی پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرا، بڕیاردرا پرۆژەیاسایەکە رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنی، کە ئامانج لێی دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا لە رێگهی دەستەیەکی سەربەخۆوە.
راندڵ رودس، سەرۆکی زانکۆی ئەمهریکی لە دهۆك گوتی: "متمانەبەخشین بە دامەزراوە پەروەردەییەکان، هەنگاوێکی گرنگە، بۆ پێشخستنی پەروەردە لە هەرێم، هەموو وڵاتێک ئەم یاسایەیان هەیە، زۆر گرنگە کە سیاسەتی هەڵسەنگاندن و چاودێری و رێنمایی سیستەمی پەروەردە لە هەر وڵاتێکدا هەبێت، تاوەکو هەمیشە کار بکرێ بۆ پێشخستنی ئەم سێکتەرە گرنگە".
پرۆژە یاسایەکە نابێتە جێگرەوەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا توێژینەوەی زانستی، بەڵکو پشتیوانیان دەبن بۆ هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین بە پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناو دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمی و زانستی، لە رێگەی رێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانەبەخشین.
بە بۆچوونی سەرۆکی زانکۆی کوردستان ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان زۆر گرنگە و پێویستە ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
بیل رامێل، سەرۆکی زانكۆی كوردستان ئاماژهی بهوه كرد، پێشوازی لەم دەستپێشخەرییەی سەرۆک وەزیران دەکەین، بە گوێرەی زانیارییەکانم ئەمە یەکەم پرۆژەیاسای لەم شێوەیەیە لە تەواوی عێراق جێبەجێبکرێت، ئەمە هەنگاوێکی زۆر گەورەیە، گرنگتر ئەوەیە کە ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، کارەکان لەسەر بنەمای ستانداردی نێودەوڵەتی ئەنجامبدرێن، گرنگیشە ئەو لێژنەی چاودێری دەکات، کارەکان بە شێوەیەکی ئاسان ئەنجام بدەن و ئاڵۆزی نەکەن.
ههر له سهر ئهم ههنگاوهی متمانهبهخشین به متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بروس واڵکەر، ڤیرگسن، سەرۆکی زانکۆی ئەمهریکی لە سلێمانی روونیكردهوه، خۆشحاڵم ئەو هەواڵە دەبیستم، سەبارەت بەو پرۆژە یاسایە گرنگە و پەسندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران، ئەمە بڕیارێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، چونکە ئەمە هەنگاوێکە بۆ دەربازبوون لەو سیستەمە کلاسیکییەی سەدەیەکە لەم وڵاتە پەیڕەو دەکرێت، بۆیە هەرێمی کوردستان بەم یاسایە دەچێتە قۆناغێکی نوێی مۆدێرن لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
ئێستا پرۆژەیاسایەکە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسندکراوە، رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەوەی لە دانیشتنە ئاساییەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و وهك یاسایهك پهسهند بکرێت، دواتر بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسایەکە بڕگە و ماددەکانی جێبەجێدەکرێت.