وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عێراق دێته هه‌ولێر
بڕیاره ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، عه‌بدولحوسێن عه‌بتان، وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عێراق به یاوه‌ری فه‌لاح حه‌سه‌ن و ره‌عد حه‌موودی سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئۆلمپی دێنه هه‌ولێری پایته‌خت.
عه‌بدولخالق مه‌سعوود، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه مه‌به‌ستی هاتنی ئه‌م شانده باڵه‌یه بۆ هه‌ولێری پایته‌خت پشتگیری كردنه له هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق كه ئێستا كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنانی له كوردستان كردۆته‌وه.
عه‌بدولخالق مه‌سعوود بۆ كوردستان24 ده‌شڵێت: بڕیاره ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌م شانده‌ی كه دێنه هه‌ولێر به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ربانگ بكه‌نه‌وه، دوای نانخواردنیش كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یاریزانان و ستافی راهێنه‌ران ساز ده‌كرێت كه تێیدا نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێریش ئاماده‌ی ئه‌م خوان و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌بێت.
هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق به مه‌به‌ستی خۆ ئاماده‌كردن بۆ یارییه‌كانی پاڵاوتنی گه‌یشتن به مۆندیالی 2018ـی رووسیا، ماوه‌ی 4 رۆژه كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنانیان له هه‌ولێر كردۆته‌وه.