توركیا پلانی ئۆپراسیۆنێكی نوێی سه‌ربازی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی داده‌ڕێژێت
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیای كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی به‌ڕێوه‌بردنی ئۆپراسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنووری تاوتوێكرد، به تایبه‌تی ئۆپراسیۆنێكی نوێ، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دژی رێكخراوه "تیرۆریستییه‌كان" له ناویشیاندا په‌كه‌كه به‌رپای بكات.
سوپای توركیا له ناوه‌ڕاستی مانگی نیسان/ ئه‌پریڵی ساڵی رابردووه‌وه، ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له خاكی عێراقدا دژی په‌كه‌كه ده‌ستپێكردووه.
رۆژی دووشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه، ئه‌ردۆغان ئاشكرایكرد، نیازی هه‌یه ئۆپراسیۆنێكی دیكه‌ی هاوشێوه بكاته سه‌ر ناوچه‌كانی باكووری سووریا.
سه‌رۆكایه‌تی توركیا، به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه و تێیدا هاتووه: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ و زانیاری ئاڵوگۆڕكران له باره‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی ئێستا له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی توركیا دژی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان/ كۆما جڤاكێن كوردستان و پارتی یه‌كێتی دیموكراتی/ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و جووڵانه‌وه‌ی گوله‌ن و رێكخراوی داعش و هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی توركیا له ئارادان".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی له سنووری باشووری وڵاته‌كه‌ماندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌كپارچه‌یی دراوسێكانمان ناكاته ئامانج و له به‌رئه‌نجامی خواستی دابینكردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان به‌ڕێوه‌ده‌چن".
توركیا ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه رێگره له به‌رده‌م سوید و فنله‌ندا بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) و ئه‌و دوو وڵاته تۆمه‌تبار ده‌كات، به‌وه‌ی "میوانداری" چالاكی تیرۆریستانه‌ی په‌كه‌كه و یه‌په‌گه ده‌كات.
له دوای كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه (25ی ئایار/ مایۆی 2022)ی سه‌رۆكایه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ شاندی دیپلۆماتكارانی سوید و فنله‌ندا، سه‌رۆكایه‌تی توركیا رایگه‌یاند، "تا پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو له جێبه‌جێكردنی داواكانمان نه‌یه‌ته دی" ئه‌ندامبوونی ئه‌و دوو وڵاته ره‌تده‌كه‌ینه‌وه.