چۆن خۆمان له‌ په‌تای سكچوون و رشانه‌وه‌ بپارێزین

د. پروشە شوان، پزیشكی گشتی و پسپۆڕی خۆراك و كێش
د. پروشە شوان، پزیشكی گشتی و پسپۆڕی خۆراك و كێش

K24 – هه‌ولێر:

له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان، په‌تای سكچوون و رشانه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌یان كه‌س له‌ نه‌خۆشخانه‌كان خه‌وێندراون.

له‌و باره‌یه‌وه‌، د. پروشە شوان، پزیشكی گشتی و پسپۆڕی خۆراك و كێش باس لەچەند رێنماییەك دەكات بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتیان لەسكچوون و رشانەوە.

د. پروشه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات ئه‌م رێنماییانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان و منداڵانیان له‌ په‌تای سكچوون و رشانه‌وه‌ به‌ دوور بن:

1. خواردنی سووك و ئاسان بۆ هه‌رس بخۆن. رۆنی ناته‌ندرووست و به‌هاراتی زۆر به‌كارمه‌هێنن.

2. بایه‌خ به‌ خواردنی شۆربای مریشكی بێ چه‌وری و شوربای سه‌وزه‌وات بده‌ن.

3. نه‌خۆش رۆژانه‌ پێویسته‌ دوو لیتر ئاو بخواته‌وه‌. به‌ڵام ئاوه‌كه‌ به‌ قوم بخورێته‌وه‌ و پێویستە ئاگاداربین  زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاوی زۆر بەسەریەكەوە و لەیەك كاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەكە هەست بەدڵتێكهەڵاتن یان رشانەوەی زۆر بكات.

3. ئه‌و خواردن و سه‌وزه‌ و میوانه‌ بخۆن كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ پۆتاسیۆم، له‌وانه‌ ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر ، نیسك، و ماسی.

4. یەكێك لەو گیراوە گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە دەتوانرێت لەسەرەتای نەخۆشیەكە سوودی لێببینرێت پەرداخێك ئاوی شلەتێنە لەگەڵ نیو لیمۆی  گوشراو و كەوچكێك هەنگوینی سروشتی، كەوچكێكی چا لە خوێ.

5. ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە بەزووترین كات سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشكەكەیان بكەن، چونكە نەخۆشانی شەكرە زیاتر و زووتر لە كەسانی تر وشكدەبنەوە لەحاڵەتی سكچوون و رشانەوە.

6. كاتێك سكچون و رشانەوە لەنەخۆشەكە زیاد دەكات و ئاوی لەش زۆر كەم دەبێتەوە و توشی ووشكبونەوە دەبێت، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشك بكات بۆ چارەسەری كتوپڕی قەرەبووكردنەوەی لەدەستدانی شلە و خوێ و كانزاكان.

د.پروشە شوان باس لەوەدەكات بەگشتی سكچوون و رشانەوە ئەگەری وشكبوونەوەی زۆرە لەزۆرینەی حاڵەتەكان، بەڵام هەندێك كەس وەك منداڵ و كەسانی بەتەمەن و تووشبووانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەكار‌هێنەرانی هەندێك دەرمان و ئەو كەسانەی كاری قورس و كارلەبەر خۆردا دەكەن دەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و بەزوترین كات سەردانی پزیشك بكەن لە كاتی زیادبوونی نیشانەكان.

ئەو پزیشكە رایدەگەیەنێت لەكاتی پەتای سكچوون و ڕشانەوە و كۆلێرا پێویستە هاووڵاتیان رێوشوێنی خۆپارێزی و پاكو خاوێنی بگرنەبەر:

1. لەحاڵەتەكانی كەمترین گومان لەپیسبوونی ئاو دەبێت پێش بەكارهێنانی بكوڵێنرێت بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشت لێنان.

2. پێویستە هەموو خۆراكەكان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەكان پێش خواردنیان زۆر بەباشی بشۆرێتەوە و پاكبكرێتەوە بەدانانی بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە یان گیراوەی تایبەت.

3. دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو خۆراكەی بەكاری دەهێنیت لەسەرچاوەیەكی پاك و بەئاوی پاك بەرهەم هێنراوە.

4. دووركەوتنەوە لەخواردنی ساردەمەنیەكان و ئەو شەربەتە دروستكراوانەی پاكوخاوێنی و ئاوی بەكارهاتوو و كەرەستەكانی جێی دڵنیایی نیە.

5. دووركەوتنەوە لەهەموو سەوزە نەكوڵاوەكان یان مامەڵەكردن لەگەڵ خواردنە نەشۆردراوەكان.

6.  دەستشووشتنی باش بەتایبەتی پێش نان خواردن و دوای چوونه‌ سه‌رئاو و خۆ بەدوورگرتن لەهەموو بەركەوتنەكان لەگەڵ كەسانی نەخۆش.