زیدان به‌م قسانه‌ كۆتایی به‌ هه‌موو شتێك هێنا

زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری فه‌ره‌نسی
زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری فه‌ره‌نسی

زینەدین زیدان راهێنەرایەتی یانەی پاریس سانجێرمانی وڵاتەکەی رەتکردەوە و، کارگێری شازادەکانیش هەوڵەکانیان بۆ دەست نیشانکردنی کریستۆفەر گالتیێ دەست پێکردووە.

چارەنوسی راهێنەرایەتی زینەدین زیدان کەوتە قۆناغێکی نوێ و ئەو راهێنەرە فەرەنسیەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، ئامادەنیە ببێتە راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا.

زینەدین زیدان راهێنەری فەرەنسی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری تێلێ فۆت کە بەبۆنەی 50 ساڵەی لەدایکبوونی لەگەڵێدا ساز کرا، سوپیرازێکی گەورەی پێ بوو و رایگەیاند ئەم هاوینە راهێنەرایەتی هیچ یانەیەک ناکات، واتە لە پلانەکانیدا نیە ببێتە راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان.

لە ماوەی رابردوو خاوەنە قەتەرییەکانی یانەی پاریس سانجێرمان هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی زیزۆ رازی بکەن، وەرزی داهاتوو لە شوێنی ماوریسیۆ پۆچێتینیۆ ببێتە راهێنەری یانەکەیان، بەڵام وەکو دیار ئەو راهێنەرەیان پێ رازی نەکراوە و ئێستاش هەوڵ بۆ ئامانجی دووەمیان دەدەن.

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، کارگێری پاریس سانجێرمان لەگەڵ کارگێری یانەی نیس دەستیان بە گفتوگۆ کردن کردووە، بۆ ئەوەی کریستۆفەر گالتیێ راهێنەری ئەو یانەیە بۆ وەرزی داهاتوو لە شوێنی پۆچێتینیۆ دەست نیشان بکەن.

رۆژنامەنووسە ئیتاڵیەکە بڵاویشی کردووەتەوە، هەردوولا نزیکن لە رێکەوتن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە گالتیێ راهێنەری نیس، وەرزی داهاتوو دەبێتە راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان.

لویس کامپۆس دوای ده‌ستنیشانکردنی وەکو بەرێوەبەری وەرزشی نوێ پاریس سانجێرمان لە شوێنی لیۆناردۆی بەڕازیلی، ناوبراو هەر زوو دژایەتی خۆی بۆ راهێنەرایەتی زیدان ئاشکرا کرد، داوای لە کارگێری یانەکەی کرد کریستۆفەر گالتیێ باشترین بژاردەیە بۆ ئەوان، بۆیە ئێستا لەسەر داواکاری ئەو، شازادەکان کار لەسەر دیاری کردنی ئەو راهێنەرە دەکەن.