شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌ڵمانیا ره‌وشی پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی له كوردستان ده‌خه‌نه‌ڕوو
K24 – هه‌ولێر:
شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌ڵمانیایه بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌ن و دامه‌زراوه ره‌سمییه‌كانی ئه‌و وڵاته و پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌رلین.
ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن، سعوود مستۆ، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كاروباری ئێزدییه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێم، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێكهاته‌ی شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه.
له‌و سه‌ردانه‌دا، شانده‌كه له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له تۆماس ئێرندل (CDU/CSU)، ئەندامی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە، فابیان فونکە (SPD)، ئەندامی پەرلەمان، ئەندامی لیژنەی مرۆڤ
ماف و یارمەتی مرۆیی، مارکوس گروبێل (CDU/CSU)، ئەندامی پەرلەمان، ئەندامی لیژنەی بەرگری، کۆمیساری حکومەتی فیدراڵی بۆ ئازادی ئایینی جیهانی ، پیتەر هاید (FDP)، ئەندامی پەرلەمان، وتەبێژی لیژنەی مافی مرۆڤ و یارمەتی مرۆیی، ڤۆڵکمار کلاین (CD/CSU)، ئەندامی پەرلەمان، وتەبێژی لیژنەی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، ماکس لاکس (Bündnis 90/Die Grünen)، ئەندامی پەرلەمان، وتەبێژی لیژنەی مافی مرۆڤ و هاوکاری مرۆیی، ئەندامی تەواوی لیژنەی کاروباری دەرەوە، مایکل مۆلەر (SPD)، ئەندامی پەرلەمان، ئەندامی تەواوی لیژنەی دەرەوه، سەرۆکی شارەوانی بەرلین (خانەنشین)، کێرستین سپریستەرباخ، کارمەندی کۆمیساری حکومەتی فیدراڵی بۆ گەشەپێدانی جیهانی، رێکخەران
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ دکتۆر فیلیپ هیڵدمان، بەڕێوەبەری سەنتەری لێهاتوویی بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و نێوان کولتوورەکان، دامەزراوەی هانس سیدێل، دەیڤید مۆلەر، داکۆکیکاری سیاسی بۆ ئازادی ئایینی لە عێراق، د. عیرفان ئۆرتاک، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراڵی ناوەندی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا، زێمفیرا دلۆڤانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراڵی ناوەندی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا، پانێلێكیان له ژێر ناونیشانی " ئایندەیەکی سەقامگیر بۆ هەمەجۆریی ئایینی لە عێراق، بۆ بەدیهێنانی ئەمە چ ئەولەویەتێک پێویستە؟" به‌ڕێوه‌برد.
له‌و باره‌یه‌وه ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، گه‌شته‌كه‌مان سه‌ركه‌وتوو بوو و توانیمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پارته جیاوازه‌كانی ئه‌ڵمانیا كۆببینه‌وه.
وتیشی: له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له پارتی سەوز، پارتی سۆسیال دیموکرات، پارتی دیموکراتی مەسیحی، و پارتی لیبراڵ گفتوگۆمان كردووه.
روونیشیكرده‌وه، له‌و گه‌شته‌دا سه‌ردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیایان کردووه و لەگەڵ بەرپرسی دیسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوونەته‌وە وهه‌روه‌ها سەردانی وەزارەتی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی ئه‌ڵمانیایان كردووه و لەگەڵ بەرپرسی پڕۆژەکانی عێراق و سەرۆکی ستافی کۆمیساری ئازادی ئاینی کۆبوونه‌ته‌وه.