عێراق داوای گازی زیاتر لە ئێران دەکات

هەوڵدەدات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکات
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزارەتی کارەبای عێراق هەوڵدەدات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکات، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە ئێران کردووە هەناردەی گاز بۆ عێراق زیاد بکات.

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، هەوڵدەدەن بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ 24 هەزار مێگاوات بەرزبکەنەوە، ئەو بەرزبوونەوەیە پەیوەستە بە دابینکردنی گازی ئێرانی کە لە رێگەیەوە دەتوانن وێستگەی نوێ بەگەڕ بخەن و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەن.

ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراقی رایگەیاند، ئێستا قەبارەی بەرهەمهێنای کارەبا نزیکەی 20 هەزار مێگاواتی رۆژانەیە، کە ئەو بڕەش ناتوانێت پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتییان پڕ بکاتەوە و چاوەڕێ دەکەن ئێران هەناردەی گاز بۆ عێراق زیاد بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بە تەواوی بڕی قەرزی لایەنی ئێرانی داوەتەوە و بە تارانی راگەیاندووە، رۆژانە پێویستیان بە 50 تاوەکو 55 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران نزیکە 40 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی هەناردەی عێراق دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق راشیگەیاند، هەر کاتێک ئاستی هاوردەی گازی ئێران زیادیکرد، ئەو کاتە دەتوانن وێستگەی نوێ بەگەڕ بخەن و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەن.