دەستەی ئامار: زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان گەنجن

"81%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان شارنشینن"

K24 - هه‌ولێر:

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، 35%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە و 28%ی دانیشتوانیش تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 28 ساڵیدایە، بەوەش زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان گەنجن.

لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 35 ساڵە سەرژمێری سەرتاسەری ئەنجامنەدراوە و لە عێراقیش نزیکەی 25 ساڵە، هۆکارەکەشی بۆ کێشەی سیاسی و ئەو ئاڵۆزییانەی وڵاتەکە پێیدا تێپەڕیوە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2021ی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان له‌ ساڵی 2020 بە نزیکەی 6 ملیۆن و 200 هەزار کەس خەمڵێندراوە، ئەو رێژەیە 15.3%ی دانیشتوانی عێراق دەکات، کە لە هەمان ساڵدا بە 40 ملیۆن و 200 هەزار کەس خەمڵێندراوە.

بەگوێرەی داتاکان، لە ساڵی 1965 دا ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 902 هەزار کەس بووە، لە کاتێکدا عێراق ژمارەی دانیشتوانی هەشت ملیۆن کەس بووە، بەو پێیە رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا 11.3٪ دانیشتوانی عێراق بووە.

لە داتاکانی وەزارەتی پلاندناندا، ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی بە 2 ملیۆن و 270 هەزار کەس خەمڵیندراوە، دوای ئەو هەولێر دێت، کە ژمارەی دانیشتوانی بە 2 ملیۆن و 250 هەزار کەس خەمڵیندراوە و پارێزگای دهۆکیش دانیشتوانەکەی بە یەک ملیۆن و 650 هەزار کەس خەمڵێندراوە.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ "81%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، لە ناوچە شارنشینەکان دەژین و رێژەی دانیشتوانی شارنشین بە گوێرەی پارێزگاکان جیاوازە، 83%ی هەولێر، 74%ی دهۆك و 85%ی سلێمانی به‌ شارنشین تۆمارکراون، بەزربوونەوەی رێژەی شارنشینی بەستراوەتەوە بە گەشەسەندنی ئابووری و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی وەک جەنگی ئێران – عێراق، جەنگی کەنداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ساڵی 2003" ئەمە بەشێکە لە شیکردنەوەی داتای دەستەی ئاماری هەرێم بۆ هۆکاری زۆری ژمارەی شارنشین.

ته‌مه‌ن و ره‌گه‌ز

لەبارەی تەمەن و رەگەزیشەوە باس له‌وه‌ كراوه‌، "نزیکەی 35%ی کۆی دانیشتوان لە خوار تەمەنی 15 ساڵیدان، 28% لە نێوان تەمەنی 15 بۆ 29 ساڵیدان، ئەمە نیشانەی پێکهاتەیەکی گەنجە، لە رووی تەمەنەوە، تەمەنی 30 بۆ 49 ساڵ 20% و تەمەنی 45 بۆ 59 ساڵ 10%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاترە 4.3%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن".

لەرووی رەگەزەوە، لە هەولێر 50%ی نێر و 50%ی مێ‌، دهۆک50%ی نێر و 50%ی مێ‌، سلێمانی 49.8% نێر و 50.2% مێ بووە، بەڵام قەبارەی تێکڕای ئەندامانی خێزان 5 کەس بووە.

نزیکەی 10%ی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان، ئافرەت سەرۆک خێزانیانە، بەهۆی لەدەستدانی هاوسەرەکانیانەوە، تا ئاستی تەمەن زیاتر بێت، ژمارەی ئەو ژنانە زیاتر دەبێت، کە بوونەتە سەرۆک خێزان، بۆ نموونە: 94%ی ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاترە، سەرۆک خێزانن و هاوسەرەکانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەوانەی لە خوار تەمەنی 45 ساڵیدا سەرۆک خێزانن رێژەکەیان كه‌متر له‌‌ 4%ی ئەو ژنانە پێکدەهێنن، کە سەرۆک خێزانن.

نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 11ی تەممووزی وەك رۆژی دانیشتوان دەستنیشانکردووە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ رایگەیاند، تا 15ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ژمارەی دانیشتوانی جیهان دەگاتە 8 ملیار کەس، لە رووی زۆری ژمارەی دانیشتوانیشەوە، پێشبینی دەکرێت هیندستان پێش چین بکەوێت.