بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک لە مانگی حوزەیران 234 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادیکردووە
K24 - ههولێر:
ئاستی بەرهەمی نەوتی رێکخراوی ئۆپێك، کە لە 13 وڵات پێکهاتووە، لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بە بڕی 234 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بههۆی بهرههمهێنانی 9 وڵات بۆ 28 ملیۆن و 716 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی مانگانەی رێکخراوی ئۆپێک، زۆرترین بڕی زیادکردن لە لایەن سعودیەوە بووە، کە بڕەکەی 159 هەزار بووە و تێکڕای بەرهەمی گەیشتووەتە 10 ملیۆن و 585 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە دوای ئەو ئیمارات بووە، کە 39 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی زیادکردووە.
عێراقیش لە پلەی سێیەمدایە، کە توانیویەتی تەنیا 17 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بکات و بەمەش تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 434 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
هاوکات هەریەکە لە کوهیت، ئێران، ئەنگۆلا، گابۆن، جەزائیر و نێجیریا بە بڕی جیاواز ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرزکردووەتەوە، بەڵام لیبییا و ڤەنزوێلا و کۆنگۆ و گینیا ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمی کردووە.