رۆژنامەی فەرمی عێراق: یاسای ئاسایشی خۆراک زیانی بە تاکی عێراقی گەیاندووە

"ئامانج خەرجکردنی 25 ترلیۆن دیناری دیکە بوو لەو بابەتانەی بەرهەمیان نییە"
ره‌خنه‌ له‌ یاسای ئاسایشی خۆراك ده‌گیرێت
ره‌خنه‌ له‌ یاسای ئاسایشی خۆراك ده‌گیرێت

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامەی "سەباح"ی فەرمی عێراق لە راپۆرتێکدا ئەمڕۆ بڵاویکرده‌وە، یاسای ئاسایشی خۆراک، کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە تێپەڕێندرا و چووەته‌ بواری جێبەجێکردنەوە، زیانی بە تاکی عێراقی گەیاندووە.

نەبیل جەبار، شارەزای ئابووری بۆ رۆژنامەکە روونیکردەوە، ئەو هیوایەی سیاسییەکان لەبارەی ئاسایشی خۆراک بۆ تاكی عێراقیان هەڵچنیبوو، جگە لە هیوایەکی لاواز چیدیکە نەبوو، ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی حکومەتی کاربەڕێکەر بوو بە خەرجکردنی 25 ترلیۆن دیناری دیکە لەو بابەتانەی بەرهەمیان نییە.

ئەو شارەزایە ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێچه‌وانەی دەنگۆکان، ئەو یاسایە راستەوخۆ زیانی بە هاووڵاتی عێراقی گەیاندووە، بەهۆیەوە خەرجی گشتی حکومەت لە 10 ترلیۆن دیناری مانگانە بۆ 15 ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە. ئەوەش وادەکات بەهۆی هەڵنەسەنگاندن و نەخوێندنەوەی دۆخەکە رێژەی هەڵاوسان بەرزبێتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، لەبارەی یاسای ئاسایشی خۆراکەوە پەیوەندییان لەگەڵ چەندین لایەنی حکومی کردووە، کە سوودمەند بوونە لە بڕگەکانی یاساکە، بەڵام ئامادە نەبوونە قسەیان بۆ بکەن.

لە 8ی حوزه‌یرانی 2022 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌ یاسای پشتیوانی به‌په‌له‌ی ئاسایشی خۆراكی به‌ كۆی ده‌نگ په‌سندكرد. به‌ گوێره‌ی یاساكه‌ش بڕی تەرخانکراو بۆ یاسای پشتیوانی به‌په‌له‌ی ئاسایشی خۆراك 25 تریلیۆن دینارە، کە 4 تریلیۆن بۆ وەزارەتی کارەبا و دانەوەی قەرزەکان ده‌بێت و 900 ملیار دینار بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ، یه‌ك تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بەگوێرەی رێژەی دانیشتوان و رێژەی هەژاری 8 تریلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان ده‌بێت.

هه‌ر به‌پێی یاساكه‌، 150 ملیار دینار بۆ وەزارەتی پەروەردە و چاککردنەوەی قوتابخانەکان، 150 ملیار دینار بۆ دامەزراوەی شەهیدان، 100 ملیار دینار بۆ دامەزراوەی زیندانیان، یه‌ك ملیار دینار بۆ دامەزراندن و گرێبەستەکان و 450 ملیار دینار بۆ سندوقی ناچە زیانلێکەوتووەکان بەتایبەت ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعش زیانیان بەرکەوتووە، ته‌رخانكراوه‌.