وەزیری پەروەردە: سوپاس بۆ پەروەردەی سلێمانی کە توانیویانە بە کردار بەرهەمیان هەبێت

"پەروەردەی سلێمانی سێ مانگا و سێ گوێرەکە دەفرۆشێت"
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

وەزیری پەروەردە لەسەر بابەتی فرۆشتنی سێ مانگا و سێ گوێرەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە، بەرچاوروونیەکی بڵاوکردەوە و سوپاسی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی کرد، کە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی دەدەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە بانگەوازێکدا ئاشکرایکردووە، لە رێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە هەڵدەستێت بە فرۆشتنی سێ مانگا و دوو گوێرەکەی یەک ساڵ و یەک گوێرەکەی نێری دوو ساڵ.

لەلای خۆیەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە گوتی: "سوپاس بۆ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، سوپاس بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی کە توانیویانە بە کردار بەرهەمیان هەبێت".

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، ساڵانە مامۆستایان و قوتابیانی بەشەکانی (ئاژەڵداری - دەواجن - رووەکداری) لە ئامادەیی پیشەیی کشتوکاڵ لە بەکرەجۆ، بە پشتگیری دارایی حکومەت (ئاژەڵ، پەلەوەر، نەمام) دەکڕن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لەو ئامادەییە پرۆژەی کشتوکاڵییان هەیە.

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان وانەی پراکتیکی لەسەر دەخوێنن و بەخێویان دەکەن، کە بەرهەمیان زیاد دەکات و بۆ بابەتی خوێندن سوودیان نامێنێت، لە کۆتایی ساڵی خوێندن بە زیادکردنی ئاشکرا، بەشێوەیەکی یاسایی راگەیاندنی فرۆشتنی بۆ دەکرێت، چ ئاژەڵ بێت یان پەلەوەر یان گوڵ و نەمام، بە نموونەش ئامادەیی کشتوکاڵی سلێمانی، کە ساڵی پار (١٦٠ تۆن) بەرهەمی گەنمی هەبووە و لە زیادکردنی ئاشکرادا فرۆشراوە.

ئاماژەی بەوەشدراوە، پارەی ئەم بەرهەمانە بەکاردێت بۆ: (بەشێکی بۆ پرۆژەی ساڵی ئایندەتر ) بەشێکی قازانجەکەی بۆ ( مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانی پەروەردە کە بەشداریان کردووە لە پرۆژەکەدا) بەشێکی دیکە بۆ (کڕینی پێداویستی تەکنیکی بەشەکانی ئامادەییە کشتوکاڵییەکە) تەرخان دەکرێت.

وەزیری پەروەردە داوای لە میدیاکان کرد، هاندەربن بۆ کەرتی پەروەردە، "هاندەربن بۆ خوێندنی پیشەیی کە ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردستانی پێویستیمان بە برەودان و پێشخستنی خوێندنی پیشەیی هەیە و لە ئێستادا تواناکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پشتگیریکردن و گەشەپێدانی خوێندنی پیشەیی".

"هەتا خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی پێشنەخەین بە گوێرەی بازاڕی کار و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، ئەستەمە کادری ئامادەکراوی کارامە بۆ بازاری کاری کوردستان پەیدابکەین" ئەمەش بەشێکی دیکەی قسەکانی ئالان حەمە سەعید بوو سەبارەت بەو بابەتە.