پەروەردەی سلێمانی 3 مانگا و 3 گوێرەکە دەفرۆشێت
K24 - سلێمانی:
پەروەردەی سلێمانی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا 3 مانگا و 3 گوێرەکە دەفرۆشێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە بانگەوازێکدا ئاشکرایکردووە، لە رێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە هەڵدەستێت بە فرۆشتنی 3 مانگا و 2 گوێرەکەی یەک ساڵ و 1 گوێرەکەی نێری دوو ساڵ.
داواشیکردووە، هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە با رۆژی دووشەممە (8-8-2022) کاتژمێر 10:00ی سەر لەبەیانی لە بینای ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ ئامادەبێت.
پەروەردەی سلێمانی مەرجی داناوە دەبێت کڕیار، بارمەتی یاسایی بە بڕی 750 هەزار دیناری عێراقی بە چەکی پەسەندکراوی بانکێکی حکومی لەگەڵ خۆی بهێنێت.
هاوکات سەرچاوەیەک لە پەروەردەی سلێمانی بە کوردستان 24ی راگەیاند، "ئێمە پەیمانگای کشتوکاڵیمان هەیە، نەک ئاژەڵ بەڵکو گەنمیش دەفرۆشین، ئەمە شتێکی ئاساییە و چەندین ساڵە هەیە".