كچی ئه‌نفالكراوێك: هەموو کات دایکم دەنگی دەرگا  بهاتبا؛ دەیگوت ئەوە گەڕانەوە

"خۆزگە دایکم ئەوانی دیتبا کاتێك رووفاتیان دەگەڕایەوە"
كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ته‌نیا وێنه‌ی بچووكی باوك و براكانیان وه‌ك یادگاری بۆ ماوه‌ته‌وه‌
كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ته‌نیا وێنه‌ی بچووكی باوك و براكانیان وه‌ك یادگاری بۆ ماوه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ماوەی چەندین ساڵە پڕۆسەی هێنانەوەی تەرمی ئەنفالکراوان کۆتایی نەهاتووە و پڕۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت، کەسوکاری ئەنفالکراوانیش دەڵێن ئێمە هەرگیز بێ ئومێد نابین و چاوەڕێین تا رووفاتەکانیان دەگەڕێنەوە.

چیڕۆکی ئەنفالکردنی باوک و 2 لە براکانی تا ئێستاش "مایان"ی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی رووفاتیان هێشتووه‌تەوە، ئەو وێنە بچوکانە تاکە یادگاری ئەوانن، تەمەنێکی بچوکی هەبووە، بەڵام ساتی ئەنفالکردنییانی لە یادە، ساڵانە بەشداری لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان دەکات، باسی ئەوەش دەکات، چۆن حەمایلی دایکیان بە خەمی ئەنفالکردنی ئەوانەوە  پێش ئەوەی گیان بسپێڕێت ئارەزووی ئەوەی کردووە رووفاتیان بگەڕێتەوە.

مایان نەعمان كه‌سوكاری ئه‌نفالكراو گوتی: ئێمە هیچکات بێهیوا نابین، هەموو کات دایکم دەنگی دەرگا  بهاتبا؛ دەیگوت ئەوە گەڕانەوە، مرۆڤ تا رۆڵەی خۆی بە مردوویی نەبینێت؛ بێهیوا نابێت، خۆزگە دایکم ئەوانی دیتبا کاتێک رووفاتیان دەگەڕایەوە تا گۆڕیان هەبێت و سەردانیان بکات.

دوای 39 ساڵ لە ئەنفالکردنی 8 هەزار بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە تا ئێستا نەتوانراوە رووفاتی تەواوی ئەنفالکراوان بگەڕێندرێتەوە و  پڕۆسەی گەڕاندنەوەیان بە خاوی بەڕێوەدەچێت ،لە کاتێکدا هەزاران کەس چاوەڕێی گەڕاندنەوە و سۆراخی رووفاتی رۆلە و كه‌سوكاریان دەکەن.

سەوسەن محه‌مه‌د  میرخان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی شەهیدان و ئەنفالکراوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، ئەوان یاسایەکیان هەیە، ئه‌ویش یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانه‌، لەو یاسایەدا بە روونی جەخت لەوە کراوەتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەنیا بۆی نییە ئەو رووفاتانە بە تەنیا هەڵبداتەوە ،تەنانەت کاتێک ئەو رووفاتانە هەڵدەدرێتەوە، تەنیا نوێنەرێکی وەزارەتی شەهیدان لەوێ ئامادە دەبێت، ئەوەش گرفتێکە لە بەردەمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.

تا ئێستا سێ جار رووفاتی بارزانییەکان گەڕێنراونەتەوە، کە یەکەمجار لە ساڵی 2005 بوو، کە رووفاتی 503 ئەنفالکراو بوو، هەر لە هەمان ساڵدا رووفاتی 93 ئەنفالکراو گەڕێنراوەتەوە، لە ساڵی 2013یشدا رووفاتی 129 ئەنفالکراو گەڕێنراوەتەوە، 80%ی رووفاتی ئه‌نفالكراوانی کورد لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقە، کە لە ساڵی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ئەنفال و جینۆسایدکران، بەڵام تا ئێستا رێژەیەکی زۆری ئەو رووفاتانە نەگەڕێنراونەتەوە.