زۆربەی سەرکردە عێراقییەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەدا هاوڕان

نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، داوای گفتوگۆی "جددی" دەکات
لایەنگرانی موقتەدا سەدر، پشتگیری لە داوای رێبەرەکەیان دەکەن
لایەنگرانی موقتەدا سەدر، پشتگیری لە داوای رێبەرەکەیان دەکەن

K24 – هەولێر

داواكارییەكەی موقتەدا سەدر، سەرکردەی رەوتی سەدر، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، لە نێوخۆی ئەو وڵاتە كاردانەوەی لێكەوتەوە و زۆربەی سەركردە سیاسییەكان پشتیگیری خۆیان بۆ گوتارەكەی سەدر رادەگەیەنن.

نووری مالیكی سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا، کە بە دیارترین سەرکردەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەناسرێت، داوای گفتوگۆ "جددی" دەکات. ئەو دەڵێت:  گفتوگۆى جددیى کە ببێتە هۆی چارەسەرى ناکۆکییەکان و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ شوێنی شایستەی خۆی، بە گەڕانەوە بۆ دەستوور و رێزگرتن دامەزراوە دەستوورییەکان دەستپێدەکات.

ھاوكات هادی عامری پشتگیری لە داواکارییەکەی موقتەدا سەدر دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەڵێت، پێویستە زەمینەیەکی گونجاو بڕەخسێندرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە گفتوگۆی نیشتمانی گشتگیرە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و چۆنێتی ئەنجامدان و پێداویستییەکانی.

لای خۆیەوە هۆشیار زیبارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى رایگەیاند، "موقته‌دا سه‌در راست ده‌كات، چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دادپه‌روه‌ری و یاسا و بۆچوونی خەڵک."

زێباری ئاماژەى بەوەکردووە، "سكاڵا بێبنه‌ماكان كه‌ بۆ وەستاندنى حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی له‌ 2021 له‌ دادگا تۆماركران، هۆكاری دروستبوونی قه‌یرانی سیاسی، ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تین له‌ عێراقن.

ھەر لەوبارەوە خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەریی سووننەکان، پشتگیری خۆی بۆ ناوەڕۆکی گوتارەکەی موقتەدا سەدر دەربڕی و گوتی: بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەپێی پێوەر و یاسای دادپەروەرانەی نوێ کە رێگە بە کێبڕکێی راستەقینە بدات.

حەیدەر عەبادى سەرۆکى هاوپەیمانى نەسر و سەرکردە لە چوارچێوەى هەماهەنگى، دەڵێت: پێشوازی لە گوتارەکەی موقتەدا سەدری برا دەكەم، لە زۆر رووەوە لەگەڵ دەستپێشخەرییەكەیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە یەک دەگرێتەوە.

ھەروەھا ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ته‌نها رێگه‌ی ده‌ربازبوونه‌ له‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای عێراق، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موار نه‌كرێته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنیش هیچ له‌ دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت و قه‌یرانی سیاسی به‌رده‌وامی ده‌بێت.

نزیکەى 10 مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام نەتواندراوە حکومەتى نوێى پێکبهێندرێت و هۆکارەکە بۆ ناکۆکیی نێوان رەوتى سەدر و هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگی دەگەڕێتەوە.