ئۆکرانیا: هەوڵی تیرۆرکردنی دوو بەرپرسی باڵامان شکستپێهێنا

"ویستوویانە لەرێگەی گرووپی تێکدەرەوە پلانەکەیان جێبەجێ بکەن"
شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا
شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئۆکرانیا دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند، کە لەلایەن (دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا)ـەوە دامەزراون و پلانیان بۆ کوشتنی وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا داناوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، دەزگا ئەمنییەکانی ئۆکرانیا پیلانێکی (دەزگای هەواڵگری سەربازیی رووسیا)ـیان شکشپێهێناوە کە ویستوویانە لە رێگەی گرووپێکی تێکدەرەوە، سێ کەسایەتی ئۆکرانی بکوژن، یەکێک لەو سێ کەسانەش چالاکوانێکی دیاری ئۆکرانی بووە.

مۆسکۆ و میدیای فەرمی رووسیا تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بە راگەیەندراوەکەی ئۆکرانیا نەبووە.

لەگەڵ هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ چوونە نێو هاوپەیمانێتی ناتۆوە، ناکۆکیەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا دووبارە سەریان هەڵدایەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی لە 24 شوبات هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد و تا ئێستا شەڕ و پێکدادانەکان لە خاکی ئۆکرانیا بەردەوامییان هەیە.

بەرپرسێکی باڵای دەزگای هەواڵگری ئەمەریکاش زیانە گیانییەکانی سوپای رووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بە نزیکەی 60 هەزار قوربانی دەخەمڵێنێت.