لیوا حاجی عوسمان و شەش لە پاسەوانەکانی خۆیان رادەستی دادگا کرد
K24 - سلێمانی:
بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەرێک، وەزارەتی پێشمەرگە لیوا حاجی عوسمان و شەش لە پاسەوانەکانی رادەستی دادگا کرد.
عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ لیوا عوسمان حەسەن، فەرماندەی پێشووی لیوای 136ی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، لەگەڵ شەش پاسەوانیدا خۆیان رادەستی دادگای کفری کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا تۆمەتباران بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی کفری راگیراون و بەپێی ماددەی 406 گوتەیان لێوەرگیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەن.
رۆژی 2-12-2020 خۆپیشاندان لە دژی دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی سەریهەڵدا و رۆژانی دواتر چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگای سلێمانی گرتەوە و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.
لە 7-12-2020 ژمارەیەک لە خەڵکی ناڕازیی لە هەڵەبجە، دەربەندیخان، سەیدسادق، کفری، کەلار و چەند ناوچەیەکی دیکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بارەگا حزبییەکانی یەکێتی، پارتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ چەند بینایەکی حکومییان سوتاند.
لە ئەنجامی دروستبوونی گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، هەشت کەس لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەدیسادق و تەکیە کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.
لە 10-12-2020 لە کاتی خۆپیشاندانەکانی قەزای کفری هاووڵاتییەک بەناوی شڤان محەممەد شکور کوژرا، ئەوکاتە دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ لیوا حاجی عوسمان لەگەڵ شەش پاسەوانی دەکرد.
هەر ئەوکاتە پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنەکەیانی رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەندی دەربڕیووە و لیوا عوسمان و شەش لە پاسەوانەکانی رادەستی دادگا کردووە.
ماوەی دوو ساڵە، تۆمەتبارەکان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە بەڵام بەهۆی پارێزبەندییە سەربازییەکەیانەوە دەستگیرنەکراون.