ئێران.. په‌رستاران به‌ لێشاو وڵات جێده‌هێڵن

K24 - هه‌ولێر:

پەرستارانی نەخۆشخانەکانی ئێران بە لێشاو ئەم وڵاتە جێدەهێڵن و بەرەو هەندەران دەڕۆن. ئەم بابەتەوە و چەند بابەتی گرنگی ناوخۆ و دەرەوە کەوتوونەتە بەر سەرنجی رۆژنامەکانی ئەمڕۆی چاپی تاران.

رۆژنامەی شەرق، لە زمان حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنانەوە نووسیوییەتی: گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر حزبوڵڵا لە لایەن ئەمریکاوە هیچ کاریگەرییان نابێت. بودجە و پارەی ئێمە لە ئێرانەوە دێت. وەک ئەو مووشەکانەی کە هەڕشەیان پێ لە ئیسرائیل دەکەین. بە هۆی ئەم یارمەتییە زۆرانەیانەوە سوپاسی حەزرەتی ئیمام خامنەیی، حکوومەتی ئێران و سەرۆککۆمارەکەی دەکەین.

حەسەن نەسروڵڵا کە لە چلەی ماتەمینی مستەفا بەدرەدیندا قسەی دەکرد، گوتی: ئێمە بە مەبەستی بەرگریکردن لە نەتەوەکەمان لە لوبنان لە عێراق و سوریاین، چونکە ناکرێ لوبنان و داهاتووەکەی لە رووداوەکانی ناوچەکە جیا بکرێتەوە.

رۆژنامەی جەوانی سەر بە باڵی نەریتخوازی ئێران، ئەنجامی راپرسییەکەی بەریتانیای وەک بومەلەرزەی دابەشبوونی بەریتانیا لێکداوەتەوە و نووسیویەتی: چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکە، سەرۆکوەزیران، دەڤید کامیرۆن وازی لە پۆستەکەی هێنا و سکۆتلەندییەکان و ئیرلەندییەکانیش گوتوویانە دەیانهەوێت جیابوونەوەیان لە بەریتانیا بخرێتە راپرسییەوە. ئەمەش دەبێتە رووداوێک کە یەکپارچەی بریتانیای یەکگرتوو دەخاتە مەترسییەوە.

رۆژنامەی ئیران دوو لاپەرەی بۆ وردەکارییەکانی کوژرانی 13 سەرباز لە دوو رووداوی هاوکاتی هاتوچۆدا تەرخان کردووە و نووسیویەتی: مەرگی دڵتەزێنی 13 سەرباز و چەند کەسی مەدەنی لە رووداوی وەرگەرانی دوو پاس لە جادەکانی پارێزگای فارس لە کاتێکدا بووەتە ترژیدیایەکی میللی کە کاردانەوەی بەپرسانی سێ دەستەڵاتی سەرەکیی وڵاتیشی بەدوادا هاتووە. دوو پاسی هەڵگری سەربازانی دەرچووی فێرگەی سەربازیی 05ی کرمان لە جادەی نەیریز و کرمان 20 کوژراوی لێکەوتەوە و ژمارەی جیاجیا لە کوژرانی ئەفسەرانی ئەرتەش لەم رووداوەدا بەدەستەوە دەدرێت.

رۆژنامەی ئارمانێ ئێمروز، نووسیویەتی: کۆچی پەرستاران بۆ دەرەوە 300 ئەوەندەی پێشوو زیادی کردووە. بەرزبوونەوەی 300 ئەوەندەی کۆچی پەرستارانی ئێرانی بۆ وڵاتانی کەنداوی فارس و رۆژئاوا لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بەو مانایەیەکە نزیک بە هەموو پەرستارانی ئێران وڵاتیان جێهێشتووە. ئەگەرچی راستیی ئەم هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام کەمبوونی کارمەندانی نەخۆشخانە لەگەڵ کەمبوونی کەرەستە پزیشکییەکان لە تەنگژە سەرکییەکانی بەشی تەندروستی و درمانی ئێرانە.