ئاسایشی سلێمانی: پێنج بازرگان و دەڵاڵی زەوی و موڵکی گشتی دەستگیرکران
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، پێنج بازرگان و دەڵاڵی زەوی و موڵکی گشتی دەستگیرکران کە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگەکان بە نایاسایی بەکارهێناوە.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردووە، بەبڕیاری دادوەر دەستگیرکراون.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، "دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەك بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیرکردنیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتووشدا بەردەوام دەبن لە دەستگیرکردنی ھەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە روونیشیکردەوە، ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دوور لە رێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارهێناوە.
ئاسایشی سلێمانی گوتیشی: لەبەرانبەر بەرتیل مامەڵەی خەڵکی دیکەیان تێپەڕاندووە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵکی گشتییان لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردووە.
دەستگیرکردنی ئەم کەسانە لەکاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە (18ـی ئابی 2022)، هێزێكى ئهمنى چوونهسهر بهڕێوهبهرایهتى گشتیى هاتووچۆى سلێمانى و بازرگانێكیان به تۆمهتى ئهنجامدانی كارى نایاسایى دهستگیركرد.
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، هێزێکی کۆماندۆ لە سلێمانی چوونە ناو باڵەخانەی شارەوانی سلێمانی و فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، جووڵەپێکردنی هێزەکانیان "بۆ پاکتاوکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکرنی ئەو کەسانە بوو، کە رێگربوون لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناو شاری سلێمانی."