هێزەکانی کۆماندۆ بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی چوونەتە نێو باڵەخانەی شارەوانی سلێمانی

شارەوانی سلێمانی: کۆمەڵێک کەس پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن
کاتی چوونی هێزەکەی کۆماندۆ بۆ شارەوانی سلێمانی
کاتی چوونی هێزەکەی کۆماندۆ بۆ شارەوانی سلێمانی

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ هێزێکی کۆماندۆ لە سلێمانی چوونە ناو باڵەخانەی شارەوانی سلێمانی فەرماندەیی ئەو هێزەش دەڵێن، بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی جووڵەیان بە هێزەکە کردووە.

فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ بەفەرمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی جووڵە بەهێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرا بەرەو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی.

بەگوێرەی روونکردنەوەیەی ئەو هێزە، جووڵەپێکردنی هێزەکانیان "بۆ پاکتاوکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکرنی ئەو کەسانە بوو، کە رێگربوون لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناو شاری سلێمانی."

فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەشڵێت: "لە ماوەی رابردوودا لەلایەن چەند بەرپرسێکی نابەرپرسی حزبی و حکومی لە ژێر فشاری هەڕەشە هەستان بە ئیفرازکردنی چەندین پارچە زەوی و داگیرکردنی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و رێگریکردن لە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی کە بۆ خزمەتی شارەکە ئەنجام دەدران."

هاوکات لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵێک کەس پەیدابوون بوونەتە مافیا بۆ زەوی و خانوو و کۆشک و دوکانەکانی شارەوانی سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێکی دەموچاو دووبارە پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن و بەناوی حزب و بەرپرسانەوە قسە دەکەن، بۆیە ئەوانیش داوای پاڵپشتی  و پشتگیریان لە ئاسایشی سلێمانی کردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی کۆماندۆی کوردستان چووە ناو بینای شارەوانی سلێمانی، هاوکات بڕیارە هەر ئەمڕۆ 59 پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەشبکرێت. ئاکۆ عەلی جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە کوردستان 24ی راگەیاند، زانیاری لەسەر ئەوە نییە چوونی ئەو هێزە بۆ پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکانە یاخود نا.