رووسیا سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس 300 لە سووریا دەکشێنێتەوە
K24 - هەولێر
کۆمپانیای هەواڵگری ئاسمانی ئیسرائیلی رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونی چەک و سیستمی بەرگری ئاسمانییەکەی لە شەڕی ئۆکرانیادا، لە چەند هەفتەی رابردوودا رووسیا سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس 300ی لە سووریا کشاندووەتەوە.
رێکخراوی ئیماج سات ئینتەرناشناڵ، چەند وێنەیەکی بڵاوکردوونەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند ساڵی رابردوودا سیستمەکە لە نزیک شاری مسیاف لە باکووری رۆژئاوای جێگیرکرابوو، بەڵام چەند هەفتەی رابردوو سیستەمە کشێندراوەتەوە و لە رێی بەندەری تەرتووس گواستراوەتەوە رووسیا.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کشاندنەوەی سیستمەکە بەگوێرەی پێشبینییەکانیان، بەهۆی ئەوەیە لە شەڕی دژی ئۆکرانیادا رووسیا چەکی کەمبووەتەوە، بۆیە ناچار بووە سیستمەکە لە سووریاوە بکشێنێتەوە، دەیەوێت ئەو بۆشاییەی پێ پڕبکاتەوە کە ئێستا بۆی دروستبووە.
ئەوە لەکاتێکدایە ماوەیەکە تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر چەند ناوچەیەکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) دایە، لە چەند رۆژی رابردووشدا چەندین ناوچەی تۆپباران و بۆردومان کردووە.