هەڤاڵ ئەبوبەکر هەڵوێستی خۆی لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئاشکرا دەکات

"پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک دەکەم بۆ گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی"
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی

K24 - سلێمانی

هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند، پێشوازی دەکات لە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی و پابەندی رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دەبن.

لەسەر دەنگۆکانی گۆڕینی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بە کوردستان 24ی گوت: "بەر لە کۆتایی هاتنی چوار ساڵی کارکردنمان لەم پۆستەدا، بە فەرمیی داوای بەخشینمان کردووە، لەکاتێکدا لە رووی یاساییەوە دەتوانین بەردەوامبین تا هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ سلێمانی".

بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆتایی ساڵی 2014دا لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پۆستەکانی ئیدارییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، لەنێوان هەردوو حزبەکەدا دابەشکران، لەو چوارچێوەیەشدا، دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری سلێمانی درایە ئاسۆ فەرەیدوون لە پشکی یەکێتی، دوو ساڵی دواتریش پۆستەکە بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پشکی گۆڕان دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە، زیاتر لە پێنج ساڵە هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پۆستەکەدا بەردەوامە.

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دابەشکردنی پۆستەکانی سنووری ئیدارەی سلێمانی و بەتایبەت پۆستی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت "پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی دەکەین، چ لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان خۆیەوە، یان بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە بەشدارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی".

هەروەها، هەڤاڵ ئەبوبەکر پابەندبوونی خۆی نیشاندا، بە هەر رێککەوتنێک لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بۆ گۆڕانکاریکردن لە پۆستە ئیدارییەکان.

دوای کۆبوونەوەی رۆژی 25ی ئەم مانگەی نێوان شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و شاندی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی، پرسی گۆڕانکاری لە پۆستەکانی سنووری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسکرا، بەڵام بە فەرمی هەردوو حزبەکە باسیان لە هەنگاوەکانیان بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانە نەکردووە.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر زیاتر لە 241 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، کە ئەوەش زۆرترین دەنگ بوو کاندیدێک بەدەستی بهێنێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.