لەبری هەناردەکردن رووسیا رۆژانە بە ملیۆنان دۆلار گازی سروشتی دەسوتێنێت

مامۆستایەکی زانکۆی مۆسکۆ لەوبارەیەوە بۆ کوردستان24 دەدوێت
سووتانی گازی سروشتی
سووتانی گازی سروشتی

K24 - هەولێر:

رۆژانە رووسیا بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی دەسوتێنێت و بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەو گازەی رووسیا دەیسوتێنێت بڕیاربووە هەناردەی ئەڵمانیای بکات. لە کاتێکدا، ئێستا بەهۆی دەرهاویشتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە، قەیرانی وزە لە ئەوروپا سەری هەڵداوە.

دامەزراوەی 'پۆرتۆڤایا' دەکەوێتە نزیک وێستگەی پاڵەپەستۆی هێڵی بۆری نۆرد ستریم یەک، کە ئێستا بۆ یەکەمجار دانیشتووانی ناوچەکە لە نزیک سنووری فنلەندا سوتاندنی گاز بەدی دەکەن، هاوکات لە رێگەی مانگی دەستکردیشەوە وێنەی سووتاندنی گاز لەو ناوچەیە بەدیکراوە.

هاوکات، گڕی هاوشێوەش لە چەندین ناوچەی دیکە رووسیا بەدی دەکرێت، بەڵام ئەو گڵپەی پۆرتۆڤایا سەرنجی شرۆڤەکارانی راکێشاوە.

لەو بارەیەوە سێندری کنوتسۆن بەرپرس لە رێستاد ئێنێرجی بۆ دەستەی رادیۆی بەریتانیا (BBC) ئاشکرای کردووە، پێشبینی دەکەن رووسیا رۆژانە 4 ملیۆن و 340 هەزار مەتر سێجا گازی سروشتی بسوتێنێت.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، تاوەکو ئێستا هۆکاری راستەقینەی زیادبوونی بەرچاوی ئەو گڵپانە روون نییە. دەشڵێت، رووسیا لە توانایدایە سبەی قەیرانی گازی سروشتی چارەسەر بکات، کە هەناردەکردن لە رێگەی هێڵی بۆری نۆرد ستریم یەک یاخود هەر رێگەیەکی دیکە زیادبکات.

دکتۆر جێسیکا ماکاراتی لە زانکۆی مەیامی لە ئۆهایۆ، کە شارەزای شیکردنەوەی دیمەنی مانگە دەستکردەکانە بۆ رادیۆی بی بی سی روونی دەکاتەوە، هەرگیز گڵپەی سووتاندنی گازی سروشتیان بەو ئەندازەیە بە دی نەکردووە، گووتیشی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، گڵپەیەکی بەو شێوەیە گەورەیان بەدیکردووە، بەڵام کەمی نەکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام زیادیکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، مۆسکۆ بەوە تاوانبار دەکرێت کە هەوڵدەدات قەیرانی وزە لە ئەوروپا قووڵتر بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وڵاتەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو گڵپانە بڵاونەکردووەتەوە.

لەو بارەیەوە، سەید گەفورۆڤ شارەزای وزە و مامۆستای زانکۆ لە مۆسکۆ تایبەت بۆ کوردستان 24 ئاشکرای کرد، "ئەو بابەتە بنەمای راست نییە و کێشەیەکی دیارە، گرفت لەوەدایە کە لە چاڵە نەوتییەکاندا گازی هاوتای نەوت هەیە، واتە لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت، گازی هاوتای نەوتیش بەرهەمدەهێندرێت چارەسەرکردنی ئاسان نییە چونکە گاز ئەگەری تەقینەوەی هەیە، لەبەر ئەوە ئەو گازە دەسوتێندرێت، ئەم کێشەیە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤێتیشدا هەبوو، واتە ئەو گازەی لە چاڵە نەوتەکانەوە پەیدادەبێت کەڵک لێوەرگرتنی ئەستەم و زەحمەتە."

گووتیشی، "هاوکات کێشەیەکی تەکنیکی دیکەش هەیە، ئەو کۆمپانیایانەی نەوت دەردەهێنن خۆیان بە گازەوە سەرقاڵ ناکەن و کۆمپانیای نەوتین نەک گاز، گازپرۆم لەو نێوەندەدا ئامادەیی نییە، چونکە ئەو گازە هێندە لە شوێنێکی دووردا هەیە کە ئەگەر بۆری گازی بۆ دابنرێت خەرجی زۆر دەبێت، ئەم بابەتە ساڵانە و چەند مانگ جارێك دەخرێتە بەرباس و لەسەر ئاستی ئۆرگانەکانی حکومەت باس و خواسی لێوەدەکرێت."

رونیشی کردەوە، "هەرچەندە دەکرێت بەشێوەی تەکنیکی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە بەڵام تا ئێستا ئەو رێگەچارەیە نەگیراوەتەبەر."

ئاماژەی بەوەدا،"40 ساڵە ئاگاداری ئەو کێشەیەیە و چارەسەر نەکراوە، چونکە کاری کۆمپانیاکانی نەوت و کۆمپانیای گازپرۆم جیاوازن، پاشان شوێنی ئەو گازە هێند دوورە و کەش و هەوای ئەو ناوچانە هێند سەختە کە کۆمپانیاکان خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، بەجۆرێک ئەگەر ئەم گازە سوکە نەسوتێندرێت ئەشێت ببێتە مایەی تەقینەوە و زیان بە تەواوی کەرەستە و کەلوپەلی کۆمپانیا نەوتییەکان بگەیەنێت."

لای خۆشیەوە، کۆمپانیای گازپرۆم ئاماژە بەوەدەدات، کە دووچاری کێشەی تەکنیکی بوونە و بەهۆیەوە هەناردەکردنی گازی سروشت لە رێگەی هێڵی بۆری نۆرد ستریم یەک کەمی کردووە. بە جۆرێک لە مانگی حوزەیرانەوە تەنیا سەدا 20ـی ئاستی ئاسایی گازی سروشتی هەناردەی لە رێگەی هێڵی بۆری نۆرد ستریم یەکەوە هەناردەی ئەڵمانی دەکرێت. هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممەش 31/8/2022 کۆمپانیای گاز پڕۆم بۆ ماوەی سێ رۆژ هەناردەکردنی لە رێگەی ئەو هێڵەوە بۆ ئەڵمانیا راگرت و هۆکارەکەی بۆ چارسەرکردنی وێستگەی هەناردەکردن گەڕاندەوە.

ئەمە لە کاتێدایە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان رۆژانە نزیکەی 9 هەزار تۆن کە زۆربەیان لە پۆرتۆڤایە دەسوتێندرێن، ئەوەش مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای زیاتر کردووە، بە تایبەت ئەو تەنۆلکانەی بە ناوی کاربۆنی رەش لە ژینگەدا بڵاودەبنەوە.