فڕۆکەوانێك هەڕەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی دزراو دەکات
K24 - هەولێر:
بەیانی ئەمڕۆ 3ـی ئەیلولی 2022، فڕۆکەوانی فڕۆکەیەك کە بەسەر ئاسمانی شاری توپێلۆی ویلایەتی میسیسپیدا دەفڕی، هەڕەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی کرد و بە دەزگا ئەمنیەکانی راگەیاند، فڕۆکەکەی دەکێشێت بە لقێکی زنجیرە سوپەر مارکێتەکانی واڵمارتدا.
بە گوێرەی میدیا ئەمەریکیەکان، پۆلیسی ئەو شارە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی واڵمارت و چەند مارکێت و فرۆشگایەکی دیکەی نزیک لەو شوێنە، کار لەسەر چۆڵکردنی تەواوی ئەو ناوچەیە دەکەن.
ئاماژە بەوەش درا فڕۆکە دزراوەکە لەجۆری (1987 Beech C90A)ـەو جێگەی نۆ سەرنشین دەبێتەوە و توانای مانەوەی لە ئاسماندا بە ئەوپەڕی خێرایی دەگاتە پێنج کاتژمێر.
جگە لە پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی ویلایەتی میسیسیپی ، نووسینگەی پۆلیسی فیدراڵی کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکەن.
پاش چەند کاتژمێرێک، دەسەڵاتدارانی شارەکە رایانگەیاند، فڕۆکەکە نیشتووەتەوە و فڕۆکەوانەکەش سەلامەتە.
BREAKING: A pilot is threatening to intentionally crash a plane into the Tupelo Walmart. We will provide more updates as they become available.
— Starkville Daily News (@StarkvilleDaily) September 3, 2022
pic.twitter.com/JEPTxGzxzA
چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی باس لەوە دەکەن، فڕۆکەوانەکە کەسێکە بەناوی "کۆری پاتەرسۆن".
کۆری پاتەرسۆن لە کۆتا پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، داوای لێبوردن لە هەمووتان دەکەم، هەرگیز نەمدەوسیت ئازاری کەس بدەم، خێزانەکەمم خۆشدەوێت، ئەمە هەڵەی ئێوە نییە، خواتان لەگەڵ".