ناتۆ: جیاوازییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان دەبێت بە رێگەی دیپلۆماتی چارەسەر بکرێن

ئەمەریکا و ناتۆ هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان کرد

K24 - هەولێر:

ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایانگەیاند، دەیانەوێت جیاوازی و ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن.

بلینکن و ستۆڵتنبێرگ بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی کرد کە لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل بەڕێوەچوو.

دوای کۆبوونەوەکە بلینکن لە وەڵامی پرسیارێکدا کە سەبارەت بە گرژیی نێوان تورکیا و یۆنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاراستەی کرا، گوتی: "تورکیا و یۆنان دوو هاوپەیمان و دۆستی گرنگی ئەمەریکان. بەڵی ئەوان جیاوازی و ناکۆکییان لە نێواندا هەیە. بەڵام ئێمە پێمان خۆشە ئەم جیاوازی و ناکۆکییەی کە لەنێوانیاندا هەیە، لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. لە رابردوودا ئەوە روویدا. چاوەڕێین جارێکی دیکەش هەمان رێگەچارە بگرنەبەر".

بانگەوازی دیپلۆماتی لەلایەن ناتۆوە

هەر لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانیییە هاوبەشەکەدا سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند: "تورکیا و یۆنان دوو هاوپەیمانی زۆر بەنرخن. ئەوان بە چەندین رێگە و شێوەی جیاواز سوود بە ناتۆ دەگەیەنن. بێگومان دەبێت جیاوازییەکانی نێوانیان بە رێگەی دیپلۆماتی چارەسەر بکرێن".

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەدا کە هەر وەک پێشتر، لە ناتۆ میکانیزمێکی تایبەتیان دامەزراندووە بە مەبەستی رێگریکردن لە دروستبوونی هەر دۆخێکی مەترسیدار لە نێوان تورکیا و یۆنان.

پرسی ئەندامێتیی سوید و فینلاند لە ناتۆدا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئانتۆنی بلینکن هەڵسەنگاندنی بۆ پرسی ئەندامێتیی سوید و فینلاند لە ناتۆدا کرد و گوتی: "کۆدەنگییەکی باش لە نێوان هاوپەیمانان بۆ ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە (لە ناتۆ) هەیە و پێمان وایە پرۆسەکە بەرەو پێشەوە دەچێت".