ئاگادارییەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىییهوه

K24 - ههولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد)ـى بۆ سەرجەم دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى ئامادە کردووە و ئاراستەى وەزارەتى پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزموونەکانی کردووه.
ئهمڕۆ دووشهممه 12ـی ئهیلوولی 2022، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگهیاند، دواى هەوڵەکانى وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى خوێندن، پلاندانان، بەدواداچوون و ناوەندى وەرگرتن، ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) بۆ سەرجەم دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ئامادەکران و رهوانهی وەزارەتى پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزموونەکان كران.
لەبارەى کاراکردنى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى عهباس ئهكرهم رایگهیاند، سەرەتاى هەفتەى داهاتوو زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت و پێش کاراکردنیشى لە راگهیهندراوێكی رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکەى بۆ دەرچووان دەخرێتەڕوو.
گوتهبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی داوا لە دەرچووانى پۆلی دوانزەى ئامادەیى دەکات لە بەیانییەوە دەتوانن خۆیان سەردانى خوێندنگەکانیان بکەن بۆ وهرگرتنهوهی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد).
ئاماژه بهوهشدراوه، پێویستە دەرچووان بەباشى پاسۆرد و یوزەرنەیمەکانیان بپارێزن، چونکە دواتر لەڕێگەى ئهو (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ـه دەتوانن (زانکۆلاین) پڕبکەنەوە.
خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشكراوە، قۆناغەکانی بنەڕەتی (1 بۆ 9) و ئامادەیی (10 بۆ 12) لە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردەدا، قوتابیان وانەکانیان دەخوێنن و لە کۆتایی قۆناغی 12 دا پێش چوونە زانکۆ، قوتابیان بەشداری تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکان دەکەن و دواتر لە رێگەی سیستمی زانکۆ لاینەوە، بەگوێرەی نمرە و خواست، قوتابیان لە بەش و کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆکاندا وەردەگیرێن، کە دەچێتە چوارچێوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.
لە هەرێمى کوردستان تا ئێستا 18 زانکۆى حکومى هەیە، کە دابەشبوون بەسەر شارەکانى هەرێمی کوردستان، هاوکات 18 زانکۆ یان لقی زانکۆیی تایبەت لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا کراونەتەوە.