قوباد تاڵهبانی: لهشهڕداین لهگهڵ تهمبهڵی
K24 - سلێمانی:
قوباد تاڵهبانی لە کۆڕبەندی (وەبەرهێنان و ئابووری سلێمانی 2022) رایگەیاند، رێکارمان گرتووەتەبهر بۆ کۆتاییهێنان بە پشێوی بازاڕ، ئابووری و بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکان، روونیش نییە بۆچی کێشە بۆ وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت دروستکراوە.
ئەمڕۆ شەممە (17ی ئەیلوولی 2022) قوباد تاڵهبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی (وەبەرهێنان و ئابووری سلێمانی 2022) گوتی، "گەشەکردنی ئابووری کوردستان بەبێ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت ناکرێت، بەهێزبوونی کەرتی تایبەتیش بە پشتیوانی حکومەت و هاوکاریکردنیان دەبێت بۆ ئەوەی کاری باش ئەنجام بدەن و نابێت رێگریی و لەمپەر لەبەردەم کارەکانیاندا دروست بکرێت".
بەگوتەی قوباد تاڵەبانی، بازاڕ پێویستی بە متمانە و دڵنیاییە بۆئەوەی کارەکانی ئەنجامبدات و دڵنیا بێت لە حکومەت و کاربەدەستانی دەوڵەت. راشیگهیاند، "لەم ماوەیەدا کۆمەڵێك رێکارمان ئهنجامداوه بۆ نەهیشتنی فەوزا، زیادەڕەویی و دەستبڕینی ئەو کەسانەی کە دەست دهخهنه نێو کاروباری کۆمپانیا، بازرگانان و وەبەرهێنەرانەوە، رێگرییان لێدەکەین و ناهێڵێن ئازاری وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەت بدەن".
قوباد تاڵەبانی دهشڵێت، "دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەگەر رێکارمان گرتبایهبهر له دژی ئەوانەی لەسەر رێگری لە کاری وەبەرهێنەران و بازرگانی دەستگیرکراون، 200 کەس دژم دەوەستانەوە، کە بەشێکیان لە حزبەکەم بوون، بەڵام ئێستا یەک ئاراستەین و بڕیارەکان جێبەجێ دەکەین و دامەزراوەکانمان گورج و گۆڵ دەکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان و رووبەڕووی تەمبەڵی دەبێتەوە لە دامەزراوەکانی حکومەتدا".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردەوە، هەر شوێنێک دهستبخاته نێو کاروباری بازاڕ و ئابوورییەوە، ئەوان دژی دەوەستنەوە، لەبارەی کێشەی پرۆژەکانی سلێمانی ئاماژه بهوهدهدات، "لە ساڵی 2014ـەوە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەختی دارایی و ئابووریدا بوو، بەهۆی شەڕی داعش، بڕینی بودجە، قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە، کە بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی کارەکانی حکومەت، بەڵام من تێناگەم بۆچی کارەکانی وەبەرهێنەران خاوبوونەتەوە و نەتوانراوە پرۆژەکانیان تەواوبکەن، من دەتوانم بەرگری لە حکومەت بکەم و بڵێم لەبەر ئەو هۆکارە، پرۆژەکان تەواو نەبوون، بەڵام ئەوە کێشەیە کە وەبەرهێنەران دەیانەوێت پارەی خۆیان لە بازاڕەکاندا بخەنەگەڕ و کاربکەن، بەڵام رێگری و لەمپەریان بۆ دروستدەکرا و روون نەبوو هۆکارەکەی چی بوو، بۆیە دوای کۆبوونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەکانی سلێمانیدا، زیاتر لە 50 پرۆژە خرانەوە کار لەماوەی هەشت رۆژدا".
دڵنیایی ئەوەش درایە وەبەرهێنەران و خاوەنکارەکان لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، کە متمانە بۆ بازاڕەکان دەگێڕنەوە و کاردەکەن بۆ ئەوەی پرۆژەی زیاتر ئەنجام بدەن و بازاڕ جوڵەی زیاتر بێت و هەلیکاری زیاتر دابین بکەن، گوتیشی "ئێستا رووبەڕووی تەمبەڵی دەبینەوە، دەبێت سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت گورج بکەینەوە، بۆئەوەی کاری وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان جێبەجێ بکەن، دوای ئەوە دەتوانین داوا لە وەبەرهێنەران بکەین کاری زیاتر بکەین".
هەر لەبارەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەکانی سنووری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "لە چەند رۆژی رابردوودا، بەشداری کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانیم کرد وەک ئەندامێکی فەخری ئەنجوومەنەکە، حەپەسام لەو کێشانەی کۆبوونەوەیان بۆدەکرا، کێشەیەک باسکرا کە لەسەر 10 مەتر زەوی دروستکرابوو، لەکاتێکدا چارەسەرکردنی ئاسان بووە و پێویستی بەو کۆبوونەوەیە نەبووە".
سەبارەت بە کورتهێنانی بودجەی سلێمانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "کورتهێنانی بودجە لە سلێمانی، دەگەڕێتەوە بۆ معادەلەیەکی سەقەتی سەردەمی دوو ئیدارەیی، کە شێوازی کارکردن و دابەشکردنی داهات و بەگەڕخستنی پرۆژەکان بە شێوەی 57٪ بۆ هەولێر و دهۆک و 43٪ بۆ سلێمانی دروستبووە، کە ئەوە بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێت کە ئێمە یەک حکومەتمان هەیە و دەبێت وەک یەک لەگەڵ ناوچە جیاوازەکان مامەڵە بکەین، من هەمیشە لایەنگری یەک حکومەتیم و کارمنەکردووە بۆ دابەشکردنی حکومەت".