بەهمەن قوبادی رەخنەی لە هونەرمەندانی ئێرانی گرت؛ هەر گوڵەبەڕۆژە مەخۆن

بەهمەن قوبادی دەرهێنەری ناوداری کورد
بەهمەن قوبادی دەرهێنەری ناوداری کورد

K24 – هەولێر

بەهمەن قوبادی دەرهێنەری ناوداری کورد، رەخنەی لە هونەرمەند و کەسایەتییە دیارەکانی ئێران گرت و گوتی: مافی ئەوەتان نییە بەدەم گوڵەبەڕۆژە خواردنەوە، سەیری دەمکوتکردنی خەڵک بکەن.

بەهمەن قوبادی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، رووی لە هونەرمەند و کەسانی دیاری ئێرانی کرد و گوتی: خەڵک ئێمەی هونەرمەندانی گەورە کرد، ئێستاش ئێوە ملیۆنان فۆلۆوەرتان هەیە [لە سۆشیال میدیاکان]، بۆیە ئەو قەرزەی لەسەرتانە، بە خەڵکی بدەنەوە.  

قوبادی لە پەیامەکەیدا دووپاتیکردەوە، "خەڵک بە نووسینی شێعرێک هەڵناخەڵەتێن. بوێر بە. وابزانە ژینا، خوشک، کچ یان هاوسەری تۆیە، قەڵەمەکەت هەڵگرە، رەخنە بگرە و یارمەتی خەڵک بدە".

بەهمەن قوبادی، وەک هێمایەک بۆ بەرگریکردن لە خەڵک، باسی عەلی کەریمی یاریزانی ناوداری تۆپی پێی ئێران کرد. عەلی کەریمی لە رۆژانی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام و تویتەر چەندین پۆستی بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی و پشتگیری لە خۆپێشاندانی خەڵك، بڵاوکردەوە.

کوژرانی ژینا

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە دانیشتووانی شارەکانی تاران، کەرەج و مەشهەد خۆپێشاندانیان کرد.

چوار کوژراو و سەدان بریندار

لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 250 هاووڵاتی دەستبەسەر کراون، چوار کوژراو و سەدان بریندار هەن.

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە و دوابەدوای خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک بەرانبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی، لانی کەم 250 کەس لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، بانە، کامیاران، بیجاڕ، قوروە، تیکاب شنۆ، مهاباد و بۆکان دەستبەسەر کراون.

بە گوێرەی ئامارەکان، لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد کوژراون و زیاتر لە 221 کەسیش بریندار بوون کە لە کچێکی 10 ساڵە تا ژنی 65 ساڵەیان لە ناودایە. 12 کەس لە بریندارەکان بە هۆی قورسیی برینەکانیان، دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و بۆ نەخۆشخانەکان گوازراونەتەوە.