ناوەندی پێنی کورد: ئێران دەیەوێت تۆڵەی راپەڕینی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران لە کورد بکاتەوە

K24 – ههولێر:
ناوەندی پێنی کورد، رایدهگهیهنێت، ئێران دەیەوێت تۆڵەی راپەڕینی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران، لە کورد بکاتەوە و هەوڵیش دهدات کورد لە رێگهی کوردستانفۆبیاوه لە چاوی گەلی فارس و گەلانی دیکەی ئێراندا رەشبکات.
له راگهیهندراوێكی ناوەندی پێنی کورد / کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، لهبارهی هێرشهكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسهر ناوچه جیاوازهكانی ههرێمی كوردستاندا هاتووه: دوابەدوای کوژرانی کچێکی کورد بەناوی مەهسا ئەمینی (ژینا) لە ئێران، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان سەرەتا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر لە سەرانسەری ئێران بە سەرکردایەتی ژنان دەستیپێکرد، ئەم ناڕەزایەتییانە کاریگەریی کردووەتە سەر سەرانسەری کوردستان و جیهان، ملیۆنان کەس داوای شۆڕشی ئازادی و دیموکراسی دەکەن.
ئهوهش خراوهتهڕوو، سیستمی ئیسلامی سیاسیی دیکتاتۆری ئێران، زۆر لە شۆڕشێکی لەوشێوەیە دەترسێت، باش دەزانێت بە بەردەوامبوونی شۆڕشێکی لەو جۆرە، کۆتاییەکەی نزیکە، هەر بۆیە بە دڕندانەترین شێوە هێرشدەکاتە سەر ژنان، گەلی کورد و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران.
ئاماژهی بهوهشداوه، كه لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا سەدان هاووڵاتیی کورد، ئازەری، بەلووچ، گەلانی دیكه، رۆژنامەنووسان، ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ کوژراون و هەزاران کەسیش دەستبەسەرکراون.
جهختیش لهوه دهكاتهوه، كه ئێران لە رێگهی کوردستانفۆبیاوه هەوڵدەدات کورد لە چاوی گەلی فارس و گەلانی دیکەی ئێراندا ناشرین بکات، بۆ ئەوەی وای نیشانبدات کە جوداخوازن، تیرۆریستن و خەریکی دابەشکردنی ئێرانن.
روونیشیكردهوه، دواجار رۆژی 28ـی ئهیلوول، سوپای ئێران لە رێگهی درۆن و مووشەکەوە، چەندین هێرشیکردە سەر باشووری کوردستان، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل بە منداڵ و ژنانیشەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، لەنێویاندا رۆژنامەنووسێکیش بەناوی سۆران کامەران بە سەختی برینداربوو.
به توندیش ئهم کۆمەڵکوژییه و ههموو کۆمەڵکوژییهکانی ئێران، له دژی گهلی کورد شەرمەزار و مەحکوم دهکهن و هاوکات داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەن، نەک تەنیا بە ئیدانەکردن، بەڵکو بە کاردانەوەی جددی و گوشاری نێودەوڵەتی دژ بە دەستدرێژییەکانی ئێران بوەستێت.
رۆژی (28ی ئهیلوول/سێپتێمبهری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی ئێران.
بهگوێرهی دواههمین ئاماری وهزارهتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له ئهنجامی تۆپبارانهكاندا، 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 35 كهسی دیکەش برینداربوون.