مسته‌فا كازمی داوایه‌ك له خۆپیشانده‌ران ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر مافی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانه ده‌كاته‌وه و داوایه‌كیش ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌ران ده‌كات.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (30ی ئه‌یلوول/سێتێمبه‌ری 2022)، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، داوای له خۆپیشانده‌ران كردووه هاوكاری هێزه ئه‌منییه‌كان بكه‌ن پۆ پاراستنی ئاسایش و داموده‌زگا گشتی و تایبه‌ته‌كانی وڵات.
كازمی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه، كه خۆپیشاندانی ئاشتیانه مافێكی ده‌ستوورییه و داواشی له هێزه ئه‌منییه‌كان كردووه ئه‌ركی خۆیان له پاراستنی ئاسایشی خۆپیشانده‌ران به ته‌واوی جێبه‌جێ بكه‌ن.
له به‌یاننامه‌كه‌دا كه شانه‌ی ئه‌منی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه، كازمی قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌قه‌كردن و به‌كارهێنانی هه‌موو رێگه نایاسییه‌كانی له‌دژی خۆپیشانده‌ران، دووپاتكردووته‌وه.
هه‌روه‌ها مسته‌فا كازمی، داوای له راگه‌یاندن و پێگه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كردووه، دووربكه‌ونه‌وه له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕاست و دروستكردنی دڵه‌ڕاوكێ و ئاژاوه كه ببێته هۆی تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.