سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌باره‌ی لێدوانێكی بۆ كوردستان24 روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

K24 – هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی لێدوانێكی بۆ كوردستان24 بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (14ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌ لێدوانێكی بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، "لەتیف رەشید له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گوتی وه‌ك كاندیدێكی بێلایه‌ن خۆم هه‌ڵده‌بژێرم" و له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ گوتیشی، "له‌تیف ره‌شید وەك بێلایەنێك خۆی بۆ پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق کاندیدکرد".

له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا، نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، سەرلەبەری ئەو لێدوان و ووتانە راست نین، تەنها رایگەیاندووە هەر كاندیدێك لە هەڵبژاردن دەربچێت بۆ سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی لێ دەكەین.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی پارته‌ سۆشیال دیموكراته‌كانی جیهان، له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا، بۆ په‌یامنێری كوردستان24 قسه‌یكرد و لێدوانه‌كه‌شی وه‌كو خۆی به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

كوردستان24 وه‌ك هه‌میشه‌ پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان ده‌كات و ده‌قی لێدوانی به‌رپرسان وه‌كو خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌

روونكردنەوەیەك لە نوسینگەی رۆژنامەوانی هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە 

لە كەنالی كوردستان24 هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە، گوایە هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ڕایگەیاندووە بەڕێز د.لەتیف كاندیدی سەربەخۆ بووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری لێرەوە ڕای دەگەیەنین  كە سەرلەبەری ئەو لێدوان و ووتانە راست نین تەنها لە چاوپێكەوتنەكەی كە كردویەتی لە كەناڵەكە ڕایگەیاندووە هەر كاندیدێك لە هەڵبژاردن دەربچێت بۆ سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی لێ دەكەین.

لێدوانی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ بۆ كوردستان24