به‌غدا: دوو كه‌مپی په‌نابه‌ران له پارێزگای سلێمانی تێكه‌ڵده‌كرێن
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، دوو كه‌مپی په‌نابه‌ران له پارێزگای سلێمانی تێكه‌ڵده‌كرێن.
عه‌لی عه‌باس گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، ئاشكرایكرد، له‌سه‌ره‌تای وه‌رزی زستان رێوشوێنی پێویست بۆ ئاواره‌كان دەگیرێتەبەر و دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی كەمپەكان، ده‌ست به دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی ده‌كرێت.
عه‌باس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان هه‌ڵسه‌نگاندنی ته‌واویان بۆ وه‌رزی زستان و دابینكردنی كه‌لوپه‌ل و جلوبه‌رگی زستانه كردووه و له چه‌ند رۆژی داهاتوودا ده‌ست به دابه‌شكردنی به‌شه‌خۆراكیش ده‌كرێت.
راشیگه‌یاندووه، كار له‌سه‌ر داخستن و تێكه‌ڵكردنی دوو كه‌مپ له سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ن و كارئاسانی بۆ ئه‌و خێزانانه ده‌كرێت، كه ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانییان و به‌شێكیشیان به‌هۆكاری ناسه‌قامگیری بڕیاریانداوه له‌كه‌مپه‌كاندا درێژه به‌ژیانییان بده‌ن.
پێشتریش به‌رپرسی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق به كوردستان24 راگه‌یاندبوو، تائێستا ملیۆنێك و 700 هه‌زار ئاواره له عێراقدا ماون، كه به‌هۆی نه‌بوونی شوێنی حه‌وانه‌وه، خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، نه‌بوونی ئاسایش و بژێوی ژیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ شوێنه‌كانی خۆیان.