ژمارەی ئەو خێزانانە ئاشکرا دەکرێت کە لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە عێراق

.
.

K24 - هەولێر

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا 925 خێزان لە کەمپی هۆلەوە کە دەکاتە سەدا 80ی هاووڵاتییانی عێراقی لەو کەمپە گەڕێندراونەتەوە.

کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا 158 خێزانی دیکە لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە مووسڵ، کە پێکهاتوون لە 650 کەس، بەمەش کۆی گشتی خێزانە گەڕاوەکان گەیشتە 925 خێزان و بەو پێیە سەدا 80ی هاووڵاتییانی عێراقی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە.

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی خێرامان لە بابەتی گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە و گونجاندن لەگەڵ واقیعی نوێ بەدەستهێناوە.

جەختیشیکردەوە، هیچ سەرپێچییەک لەو ناوچانە تۆمار نەکراوە کە ئەو خێزانانە لێی نیشتەجێ دەکرێن.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباری ئەمنی کەمپەکەن.

کەمپی هۆل تایبەتە بە خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 71 هه‌زار كه‌سی سه‌ر به‌ داعشی تێدایه‌ و نیوەی دانیشتووانی کەمپە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە و زۆربەیان عێراقین، ئەو کەمپە بە مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە قەڵەم دەدرێت چەند جارێکیش پشێوی لێکەوتووەتەوە، بۆیە بە فەرمی داوا لە وڵاتان کراوە هاووڵاتییانیان لەو کەمپە ببەنەوە وڵاتەکانیان.