ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداری لەبارەی "قەیرانێکی راستەقینە" دەدات

K24 – هەولێر

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، هۆشداری دا کە جیهان بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی خستنەبازاڕی گازی شل و نەوت، لە سەرەتای "قەیرانێکی راستەقینەی وزەدایە".

ئاژانسی دەنگوباسی یۆرۆنیوز لەسەر زاری فاتح بیرۆل، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بڵاویکردووەتەوە، "زیادبوونی رێژەی هاوردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا و زیاتربوونی خواستی چینییەکان لەسەر گاز، بازاڕی خستنەڕووی تووشی کێشە کردووە، چونکە ساڵی داهاتوو تەنها 20 ملیار مەتری چوارگۆشە گازی نوێ دەخرێتە بازاڕەکانەوە.

فاتح بیرۆل، رۆژی 25ـی تشرینی یەکەم لە کۆنفراسێکی تایبەت بە وزە کە لە سەنگافورا بەڕێوەچوو، گوتی: بڕیاری ئەمدواییەی ئۆپێک پڵاس بۆ کەمکردنەوەی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت، بڕیارێکی مەترسیدارە، چونکە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێیوایە ساڵی داهاتوو خواستی رۆژانەی نەوت دوو ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات.

ئەو دەڵێ: بڕیارەکە لەو رووەوە جێی مەترسییە کە چەندین ئابووریی جیهانی لە سەرەتای داڕمانن. زیادبوونی نرخی نەوت، گاز و رەژو، کاریگەری لەسەر خەڵک دەبێت.

فاتح بیرۆل، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە
فاتح بیرۆل، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە

فاتح بیرۆل، راشیگەیاند: ئەگەر کەشوهەوا نەرم بێت، رەنگە ئەوروپا زستانی ئەمساڵ تێپەڕێنێت، سەرەڕای ئەوەی تا رادەیەکیش زیانی بەرکەوتووە.

بە پێی قسەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، پێشبینی دەکرێت ساڵی 2023 بەکارهێنانی نەوت لە رۆژێکدا ملیۆنێک و 700 هەزار بەرمیل زیاتر بێت، "هەر بۆیە جیهان پێویستی بەوە هەیە کە نەوتی رووسیا بخرێتە بازاڕەکانەوە."

 ئەو، پێیوایە قەیرانی وزەی ئێستای جیهان، خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی وزەدا کە دەتوانێ هەوڵەکان بۆ دابینکردن و فراوانترکردنی سەرچاوەی وزەی پاک و سیستەمێکی سەقامگیری وزە، خێراتر بکات.