پشتیوان سادق: گلەییەکانی یەکێتی بۆ لایەنەکان رووندەکەینەوە

"هەموو شتێک بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت"

K24 – هەولێر

شاندێکی وەزاری پارتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان لە هەولێر کرد و لەبارەی کار و پرۆژەکانی حکومەتەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرا.

شاندەکە بە سەرۆکایەتی پشتیوان سادق، ئەمڕۆ (شەممە 29ـی تشرینی یەکەم) سەردانی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.

پشتیوان سادق ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیان بۆ لای لایەنەکان ئاشکرا دەکات و سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان تیمی یەکێتی و پارتیش لە حکومەت گوتی: هەموو شتێک بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت.

ئەو گوتی: شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سەردانیان بۆ لای حزبەکان گلەییان لە حکومەت کردبوو، ئێمەش هاتووین روونی بکەینەوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە لە ئەنجوومەنی وەزیران کێشەمان هەیە، بەپێچەوانەوە ئەنجوومەنی وەزیران تەبایە، یەکڕیزە و گفتوگۆش دەکرێت.

هەروەها پشتیوان سادق رایگەیاند: ئێمە وەک تیمی وەزاری پارتی و یەکێتی و گۆڕان هەر پێکەوەین و هەر پێکەوەش دەمێنینەوە، کێشەی گەورەمان نییە و ئەوەی هەشمانە دەکرێ بە تەواوی چارەسەر بکرێن، بەرژەوەندی باڵای کوردستان لەسەرمان فەڕز دەکات پێکەوە بین و پێکەوە کار بکەین.