گۆڕان: پارتی و یەکێتی هیچ داوایەکیان لە ئێمە نەکردووە

"بیروبۆچوونی خۆیان بۆ ئێمە روونکردووەتەوە"
دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

ئەندامێکی شاندی وەزاری بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەکێتی هیچ داوایەکیان لەوان نەکردووە، بەڵکو بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی دۆخەکە بۆ روونکردونەتەوە. لە کۆبوونەوەکانیشدا باسی دۆخی ئەمنیی و تیرۆرکردنی هاوکار جاف، ئەفسەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە کە یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندی وەزاری گۆڕان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ شاندی وەزاری پارتی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 گوتی: "پارتی و یەکێتی بیروبۆچوونی خۆیان بۆ ئێمە روونکردووەتەوە، هیچ داواکارییەکیان لە بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە، داواکاری گۆڕانیش لە هەردوولا ئەوەیە هەرێمی کوردستان بپارێزین، هەروەها هێزەکانمان لە رووی ئەمنی و سەربازیی، سەرچاوە داراییەکانمان بە نیشتمانی بکەین".

گوتیشی: "دڵنیایم کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بەڵام بێگومان پێویستە پارتی و یەکێتی پێکەوە دابنیشن".

ئاشکراشی کرد: "لە کۆبوونەوەکانی شاندی وەزاری پارتی و یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان باس لە تیرۆرکردنی هاوکار جاف کراوە".

دانا عەبدولکەریم، راشیگەیاند، پێویستە هەر کێشەیەک هەبێت کاریگەری لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی لایەنەکانی کردووە و باسی ئەوەیان کردووە کە ئەوان لە حکومەت نیگەرانن، دواتر شاندی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدا، پشتیوان سادق ئەندامی شاندی پارتی رایگەیاند، مەبەستیان بووە روونکردنەوە بدەن لەسەر ئەو گلەییانەی یەکێتی، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان کردویانە.