مانگی سووری ئێرانی لە هەرێمی کوردستان بە دوای تەرمی کوژراوانی سوپای پاسداران دەگەڕێت

K24 - هەولێر:
تیمێکی پێنج کەسی مانگی سووری ئێرانی بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمی کوژراوانی سوپای پاسداران، هاتوونەتە ناوچەی کۆکۆیی شەمێران و لەوێشەوە چوونەتە چیای زەواڵی شەمێران.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، ئامبۆڵانس و ئۆتۆمبێلێکی ئاسایش هاودەمیی تیمەکەی کردووە بۆ ناوچەی زەواڵی.
هەر بەپێی زانیارییەکان، شەوی رابردوو (7/6ـی تشرینی دووەم) لەو ناوچەیە دەنگی بلدۆزەر بیستراوە.
لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان سوپای پاسداران و سوپای عێراقدا، لەو ناوچەیەدا رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەو دوو سوپایە روویداوە و گومان دەکرێت، رووفاتی سەربازانی سوپای پاسداران هێشتا لەو ناچەیەدا مابێتەوە.
کوردستان24 پەیوەندی کرد بە سلێمان ئەحمەد، قائیمقامی دەربەندیخان بۆ پشتڕاتکردنەوەی هەواڵەکە، ئەوان ئاماژەیان بەوەکرد، بەڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و بە هاوکاری هێزێکی ئاسایشی گەرمیان ئەو تیمەی مانگی سووری ئێرانی هاتوون، تاوەکو بەدوای تەرمی کوژراوانی سوپای پاسداران بگەڕێن کە لەشەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا کوژراون.