سەرۆک کۆماری فەرەنسا: ئێران ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات

"سیاسەتی توندوتیژی ئێران لە ناوچەکە و بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە"
ئێمانوێل مەکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا
ئێمانوێل مەکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا

K24 – هەولێر

ئێمانوێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا دەڵێ، ئێران بەو هەڵسوکەوتەی گرتوویەتەبەر، ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات.

سەرۆک کۆماری فەرەنسا رۆژی چوارشەممە (16ـی تشرینی دووەم) لە کۆبوونەوەی گرووپی 20 رایگەیاند، "ئێران لە رێگەی دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی فەرەنسی، هەڵسوکەوتی زۆر توندی بەرامبەر بە ئێمە گرتووەتەبەر".

مەکرۆن دەڵێ: سیاسەتی توندوتیژی ئێران لە ناوچەکە و بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. ئێران لە رۆژانی رابردوودا، توندوتیژی فراوانی لە عێراق کردووە.

لە ماوەی شەست رۆژی رابردووی خۆپێشاندانەکان لە ئێران کە بە کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد تا ئێستا، حەفت هاووڵاتی فەرەنسی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند هاووڵاتییەکی بیانی دیکەی بە بیانووی تێوەگلانیان لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکردووە.  

مەبەستی مەکرۆن لە "توندوتیژی ئێران لە عێراق"، هێرشی سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم، بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێزە کە بە هۆیەوە سێ کەس شەهید و هەشت کەسیش برینداربوون.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بەئەستۆگرت و ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەدا مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان بەکارهاتووە.

ئەو هێرشەی سوپای پاسداران کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە و چەندین وڵاتی ئەوروپایی، عەرەبی و ئەمەریکا سەرکۆنەیان کرد.

سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای لە ئێران کرد "ئارام بێ و روحی هاوکاری" هەبێت و هانیدا رێز لە مافی هاووڵاتیانی فەرەنسی و ئاسایشی ناوچەکە بگرێت.