زیاتر لە 400 خۆپێشاندەر لە ئێران کوژراون

خۆپێشاندەران لە شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان
خۆپێشاندەران لە شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان

K24 – هەولێر

تۆڕی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هرانا) بڵاویکردەوە، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ئێران تا رۆژی هەینی رابردوو، بەلانی کەمەوە 402 خۆپێشاندەر کوژراون.

ئاماری ئەو تۆڕە بۆ 16ـی ئەیلولی رابردوو تا 18ـی ئەم مانگە (تشرینی دووەم)، دەگەڕێتەوە و بە پێێ زانیارییەکانی تۆڕی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە 402 کوژراوە، 58ـیان مێرمنداڵی خوارتەمەن 18 ساڵ بوونە.

هەروەها لەو ماوەیەدا بەلانی کەمەوە 16 هەزار و 813 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون و لە 150 شار و شارۆچکە خۆپێشاندان بەڕێوەچووە.

بە پێی راپۆرتی (هرانا) لە 140 زانکۆ خۆپێشاندان بەڕێوەچووە و 524 قوتابیش دەستگیرکراون.

بە گوێری زانیارییاکانی تۆڕی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، تەنیا لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگەدا، 21 خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی بۆکان و مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونە.