تورکیا چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات

K24 – هەولێر

سوپای تورکیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20/11/2022، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کرد، وەزارەتی بەرگری تورکیاش دەڵێت: کاتی تۆڵە سەندنەوەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بەرفراوانی ئەنجامداوە و لە هەرێمی کوردستان بناری قەندیل و چیای سۆسیان بۆردومان کردووە، هاوکات لە رۆژئاوای کوردستان ئەم شوێنانە کەوتوونەتە بەر بۆردومانەکەی تورکیا دێرک، کۆبانێ، شەهبا، زرگان.

هەر بەپێی زانیارییەکان لەکاتی بۆردومانەکەی تورکیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسماندا سووڕاوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە ناوچەکانی باکووری عێراق و سوریا ئەنجامدرا، کە وەک بنکە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەکاردەهێنرێن".

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ و لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەم هێرشە لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هیچ کارەساتێک روونەدات، بەڵام ئەگەر شەڕ رووبدات هەموو لایەک زیان لە ئەنجامەکانی دەبینن".

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە و گوتەیەتی: "تۆڵەمان لەوانە کردووەتەوە کە ئاسایشی وڵات و گەلەکەمان دەکەنە ئامانج، بەردەوامیش دەبین".

راشیگەیاندووە، بەوردی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.