عەلی کەریمی داوای بەهاناوەچوونی خەڵکی مهاباد دەکات

چەندین زرێپۆش و هێزی تایبەت بە چەکی نیوەقورسەوە لەسەر شەقامەکانی مهاباد بڵاوبوونەتەوە
خۆپێشاندان لە مهاباد
خۆپێشاندان لە مهاباد

K24 – هەولێر

عەلی کەریمی یاریزانی ناوداری هەڵبژاردەی پێشووی تۆپی پێی ئێران، داوا لە خەڵکی شار و شارۆچکەکانی ئێران دەکات بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی مهاباد، ناڕەزایەتی دەرببڕن و خۆپێشاندان بکەن.

عەلی کەریمی کە لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێرانەوە وەک یەک لە ناودارترین پشتیوانانی خەڵک دەرکەوتووە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، لەگەڵ ئاماژەدان بە هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر شاری مهاباد، داوای لە خەڵکی تەواوی ئێران کرد، "خۆپێشاندان بکەن و ببنە دەنگی خەڵکی مهاباد".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا خۆپێشاندانی فراوان لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە و زۆربەی خۆپێشاندانەکان گرژیان لێکەوتووەتەوە. رۆژی هەینی چوار هاووڵاتی کورد لەو شارە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژران.

رۆژی شەممە (19ـی تشرینی دووەم) رێوڕەسمی ناشتنی ئەو کەسانە، بوون بە گۆڕەپانی خۆپێشاندان و کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتەوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، چەندین زرێپۆش و هێزی تایبەت بە چەکی نیوەقورسەوە لەسەر شەقامەکانی مهاباد دەبیندرێن.

رێکخراوەکە، هۆشدای لەبارەی "هەر جۆرە تاوانێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مهاباد" دەدات.

عەلی کەریمی یاریزانی ناوداری هەڵبژاردەی پێشووی تۆپی پێی ئێران
عەلی کەریمی یاریزانی ناوداری هەڵبژاردەی پێشووی تۆپی پێی ئێران

کوژرانی زیاتر لە 400 خۆپێشاندەر

تۆڕی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هرانا) بڵاویکردەوە، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ئێران تا رۆژی هەینی رابردوو، بەلانی کەمەوە 402 خۆپێشاندەر کوژراون.

ئاماری ئەو تۆڕە بۆ 16ـی ئەیلولی رابردوو تا 18ـی ئەم مانگە (تشرینی دووەم)، دەگەڕێتەوە و بە پێێ زانیارییەکانی تۆڕی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە 402 کوژراوە، 58ـیان مێرمنداڵی خوارتەمەن 18 ساڵ بوونە.

هەروەها لەو ماوەیەدا بەلانی کەمەوە 16 هەزار و 813 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون و لە 150 شار و شارۆچکە خۆپێشاندان بەڕێوەچووە.

بە پێی راپۆرتی (هرانا) لە 140 زانکۆ خۆپێشاندان بەڕێوەچووە و 524 قوتابیش دەستگیرکراون.

بە گوێری زانیارییاکانی تۆڕی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، تەنیا لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگەدا، 21 خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی بۆکان و مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونە.