كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لەبارەی زیانەکانی هێرشی سەر بارەگاکانیان زانیاری دەخاتەڕوو

دیمەنێکی هێرشی مووشەکی ئێڕان لە زڕگوێز - ئەرشیف
دیمەنێکی هێرشی مووشەکی ئێڕان لە زڕگوێز - ئەرشیف

K24 - سلێمانی

ئەندامێکی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، زانیاری لەبارەی زیانەکانی هێرشی ئێران بۆ سەر بارەگاکانیان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: زیانی گیانیمان نەبووە.

نەوید میھراوەر ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر بارەگاکانیان لە زڕگوێز.

گوتیشی: "خۆشبەختانە لەو هێرشەی ئێراندا زیانی گیانیمان نەبووە، تەنها زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 21/11/2022، جارێکی دیکە ئێران لە رێگەی درۆن و مووشەک چەند کەمپێکی نیشتەجێبوون و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج. بەگوێرەی ئەو دوایین ئامار لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی (بەهزاد) شەهیدبووە.

تەنیا لەم مانگەدا ئەمە دووەمین هێرشی ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە هێڕشی پێشتر 14/11/2022، ئێران کەمپی نیشتەجێبوون و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە و زڕگوێز مووشەکباران کرد و دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.

هه‌روه‌ها رۆژی (28ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، له‌ ئه‌نجامدا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 51 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.