میری ئێزدیان چەند داوایەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

K24 – هەولێر

میری ئێزدیان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ئەو رێکخراوەیە کۆبووەوە و داوای لێکردن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەولێر و بەغدا، گوشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق.

حازم تەحسین سەعید، میری ئێزدیان لە کوردستان، عێراق و جیهان لەگەڵ میان خەیریی هاوسەری، سەردانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانی لە شاری جنێڤ کرد.

عەبدولکەریم هاشم، نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو سەردانەدا یاوەریی میری ئێزدیان دەکرد و لەگەڵ کۆمیساریای باڵای مافی پەنابەران و ئاوارەکان، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ و نوێنەری دەستەی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆبووەوە.

شاندی میوان لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی کرد و ستایشی رۆڵی رێکخراوەکەیان لە قووڵکردنەوەی گفتوگۆی نێوان گەلان و چارەسەرکردنی ناکۆکییە جیهانییەکان و رەتکردنەوەی تووندڕەوی، بەرزنرخاند.

میری ئێزدیان لە دیدار لەگەڵ کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، باسی لە پرسی ئاوارە ئێزدییەکان و ئەو بارودۆخە سەختەی کرد کە ئاوارەکان ماوەی هەشت ساڵە لە کەمپەکاندا تێیدا دەژین. هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دەستوەردان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و فشار خستنە سەر حکومەتی عێراق سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر- بەغدا، وەک پێشەکییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.