شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبووه‌وه‌

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆی پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق، عه‌بدول له‌تیف ره‌شید، كۆبووه‌وه‌ و رایگه‌یاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆی پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و لەسەر بنەمای دەستوور.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رۆك كۆمار پێشوازی له‌ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی کۆماری عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا دەربڕیوه‌ و جەختیکردوه‌تەوە، کە پێویستە دەستوور وەکو بنەمایەک سەیر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و پشتیوانی خۆیشی بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان لەو چوارچێوەیە پیشانداوه‌.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆی پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن لەسەر بنەمای دەستوور.

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ شاری به‌غدایه‌ به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

شانده‌كه‌ پێكهاتووه‌ لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت،ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا.

3645
3465