بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر: پێویستە هاووڵاتیان کارەبا بۆ رووناککردنەوە بەکاربهێنن نەک بۆ گەرمکردنەوە
K24 - سلێمانی:
بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر دەڵێت، پێویستە هاووڵاتیان کارەبا بۆ رووناککردنەوە بەکاربهێنن نەک بۆ گەرمکردنەوە و دەشڵێت، بەهۆی سەرماوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2022، تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، ئێستا لەبەر سەرما، هەموو قورساییەک کەوتووەتە سەر تۆڕە‌كانی كاره‌با، بەمەش لۆدێکى زۆر دروست بووە، به‌شێوه‌یه‌ك بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا و هەروەها کێشەى تەکنیکى بۆ دروست کردوون.
بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى هەولێرى ئاماژەی بەوەشکردووە: "پێویسته هاووڵاتیان کارەبا بۆ رووناکى بەکاربهێنن نەوەک بۆ گەرما، تا كاریگه‌ریی نه‌كاته سه‌ر تۆڕە‌كانی كاره‌با، چونكه هه‌م خۆیان زەرەرمەند ده‌بن و هه‌میش فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی كاره‌با و كۆنترۆڵی كاره‌با بە خۆیانەوە سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن".
تاڤگە عومەر دەشڵێت، تەلەفۆنکردنی هاووڵاتییان بۆ هەڵدانەوەى جۆزەی کارەبا زیادىکردووە، لەبەرئەوەی هاووڵاتى لەسەر 40 ئەمپێر راهاتووە، ئێستا بووەتە 30 ئه‌مپێر. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارەبا رێنمایی هاووڵاتیانیش دەکات، ئەگەر جۆزەکەیان هەڵیدایەوە راستەوخۆ په‌یوه‌ندیی بە هۆبەکانى چاککردنەوە نەکەن، بەڵکو بەشێک لە ئامێرەکانى بکوژێننەوە و كاره‌باكه خۆی دەگەڕێتەوە.
لە چەدند رۆژی رابردوودا وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری کارەبا و کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبا لە وەرزی زستان، ئەمپێری کارەبای ماڵانیان لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر کەمکردووەتەوە .