فەلسەفە چ ڕۆڵێ دەگێڕێ لە بونیادنانی کۆمەڵگەی كوردستانی

Kurd24

زۆر جار ،کە دێتە سەر باسی فەلسەفە لەناو کۆمەڵگەی ئێمە، دەبینین چۆن نیگاکان پڕ دەبن لە گومان و یەکسەر ئەو پرسیارە دەکرێ: ئەرێ ئەم زانست و بیرە بۆ ئەمڕۆ سوودی چییە... لە سەردەمانی کۆن مرۆڤەکان باوەڕیان پێی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ هیچ کاریگەرییەکی دیاری لەسەر گەشەکردن و پەرەسەندنی کۆمەڵگەکان نیە، ئیتر بۆ دەبێ گرینگی پێ بدرێ؟

کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قوتابخانەکانیان کاریان کرد بۆ خۆڕزگارکردن لە وانە وتنەوەی فەلسەفە، چونکە ئەو کۆمەلگانە پێیان وابوو، فەلسەفە بیری چینێکی دیاریکراو لەخۆ دەگرێ کە دژ بە ئایینە. 

لەبەرامبەردا کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا فەلسەفە بە دایکی هەموو زانستەکان دەبینێ و لە سەرجەم کۆلێژ و زانکۆ ناودارەکان وانەکانی فەلسەفە دەخوێنرێ و هەموو قوتابییەك لە قۆناغەکانی خوێندندا بنەماکانی زانستی فەلسەفە و مێژوو و ژیاننامە و هزری بیرمەندە دیارەکان و قوتابخانەکانی فەلسەفە دەخوێنێ، تا ئاسوی فراوانتر و دیدی بۆ ژیان قووڵتر بێت و لە لۆژیك تێ بگات، بۆ ئەوەی بتوانێ لە کاتی بڕیاردان و بیرکردنەوە و قایلکردن و دیالۆگ و ڕەخنە و پۆلێنکردن و ڕەتکردنەوە ڕێبازێکی زانستی پەیڕەو بکات.

فەلسەفە ئەو توانایە بە مرۆڤ  دەبەخش، تا بە شێوەیەكی زۆر تایبەت بڕوانێتە گەردوون و لە سەرجەم بوونەوەرەکان، بە مرۆڤیشەوە، بکۆڵێتەوە و بنچینەکانی ئاکار و لۆژیك فێربێت. 

فەلسەفە زانستێك نیە، کە گرینگی بە بوارێکی تایبەت بدات، فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە بیرکردنەوە و لە بەڕێوەبردنی جیهانی ماددی و هەست و میتافیزیک. فەلسەفە هەوڵدانی بێ ووچانە بۆ گەیشتن بە دانایی و بەدەستهێنانی كڕۆکی زانیاری سەبارەت بە خودی مرۆڤ و ژینگەی دەرەوەی و ئەو هێزەی بزوێنەرەی جیهان دەجوڵێنێ.

ڕاستە لەگەڵ کاتدا فەلسەفە پەرەی سەندووە و توانیویە فۆکۆس بخاتە سەر لۆژیك و شیکردنەوەی چەمکەکان.

لەبری ئەوەی تەنها تێگەیشتنی بۆ ژیان هەبێ، فەلسەفە بووە بە زانستێكی پەیڕەوکراو، تیایدا فەیلەسوفەکان کاریان لەسەر شێواز و ڕێگەکانی ژیانکردن کرددوە.

هەر لەسەردەمی (ڕابوون) رێنێسانسەوە فەلسەفە بە زانست و ئەزموونەوە سەرقاڵ بووە، دواتر بوونگەرایی و هیومانیزم و قوتابخانەکانی تری وەکو مۆدێرنیتە و پاش مۆدێنرنیتە و نهیلیزم لە جیهان سەودایان پەیداکرد. 

کڕۆکی فەلسەفە پرسیارکردن و گومانکردنە لەهەموو شتێك، گرێنەدانی عەقڵە بەو نەگۆڕانەی، کە لەسەرووی ڕەخنە و پێداچوونەوە بوونیان هەیە.

بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆچی فەلسەفە لە ئێستادا گرێدراوە بە پێشکەوتنی ڕۆژئاوا بەسەر گەلانی تر، کە بە ئەندازەی خۆیان گرینگییان بە فەلسەفە داوە.

وەڵامەکەی هەر ئەوەیە، کەوا سەرجەم زانستەکان بە گریمانە و دەرککردنی تایبەت و ڕاستەوخۆ دەست پێ دەکات و دەخرێتە بەر تاقیکردنەوە و توێکینەوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی تاقیکراو و سەلمێنراو.

بابەتی گەیشتن بە گریمانە پرۆسەیەکی عەقڵی فەلسەفییە و پێویستی بە تایبەتمەندییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و ماتیماتیکی ئەبستراكت هەیە، پێش چوونە ناو  ئەزموونی زانستی بابەتی.

ئەمەش وای کردووە، عەقڵی ڕۆژئاوایی لەسەرەتادا پێش بکەوێت و لەو بوارەدا هەنگاوی جۆری بنێت، ئەو جۆرە عەقڵە فەلسەفییە تا ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا پەیڕەو دەکرێت.

تا ئەو کاتەی لە كومەڵگەی ئێمە بە چاوێکی نزم تەماشای فەلسەفە بکرێت و ئەو کەسانەی لەو بوارە سەوڵی خۆیان لێ دەدەن بێ ڕێزییان بەرامبەر بکرێ، قۆناغەکانی بنیادنانی عەقڵ بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و ناکەوێتە سەر ڕاستە ڕێی خۆی.

زۆر هەوڵ دەدرێ بۆ پەلکێشکردنی زانست و مەعریفە و کایەکانی تری مۆدێرنیتە بۆ ناو کۆمەڵگەکەی کوردستانی، بێ ئەوەی کار بکرێت بۆ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە پێکهاتەی فیکریی عەقڵی کوردستانی ب، تاوەکو  عەقڵی كوردستانیش بتوانێ زانست بە شێوەیەك لە شێوەکان لە خۆبگرێت، بۆ ئەوەی نە تەنها کارمان ئەزبەرکردن و بەکاربردن بێت، بەڵکو داهێنانی زانیاری و مەعریفە بێت و ڕێڕەو و ئاراستەی مەعریفی نوێ بەرهەم بهێنین.

لەم کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی زۆر ڕێژەیی و کەم دەرفەت بە فەلسەفە دەدرێ، تا بتوانێ خۆی بخزێنێتە ناو مامەڵەکردنمان لەگەڵ ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆیی.

ڕاستە فەیلەسوف ئەو کەسەیە، کە دەتوانێ هەموو وەڵامێ بە پەنهانی بهێڵێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی پرسیارکردن و گومانکردنی فەیلەسوف لە ڕاستی و درووستی وەڵامەکان و پابەندنەبوونی بە ڕاستییەکان و بەردەوامبوونی لەسەر چالاکی عەقڵی بە شێوەیەکی پەرۆشانە، بەڵام فەلسەفە زیاتر حاڵەتێکی زیهنییە، نەوەك جۆرێکی دیاریکراوی زانیاری، ئەمەش وامان لێ دەکات بەردەوام دەرگای نوێ بەسەر بوارە مەعریفییە جیاجیاکان بکەینەوە و بێ ووچان پەرەیان پی بدەین.

ئەم وتارەی ئێمە لێرەدا بانگهێشتنامەیەكە بۆ ڕامانێکی فەلسەفی لە پێناو جوڵاندنی کۆمەڵگەی کوردستانی لەم ڕووەوە، بەتایبەتی کاتێ لامان ئاشکرایە کەوا زۆرێ لە ڕاستییە نەگۆڕەکانی ئەمڕۆ لە ڕووی زانستییەوە لە پرسیاری فەلسەفییەوە سەرچاوەیان گرتووە.

زۆربەی کات نەزۆکی فەلسەفە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرسیارانەی، کە هەر لە ئەزەلەوە لە مێشکی مرۆڤەکان بوون و کاریان پێ نەکراوە.

پرسیارکردن و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تێکەوتەکانیان ستراتیژێکی عەقڵانییە بۆ گەیشتن بە تێڕوانینێکی قووڵ لە ئێستا و داهاتوومان، بۆ دانانی پێوەری بەڵگە بۆ هەڵسەنگاندنی باوەڕ و بیر و ئەرگومێنتەکانمان، جا لە هەر بوارێکی ژیانمان بێت.

فەلسەفە زانستێکە، هەوڵدەدات بۆ بەخشینی یەکبوونی نەتەوەیی لە هەموو بوارەکانی مەعریفەی مرۆیی. فەلسەفە جێگرەوەی ئەو ڕاستیە ڕەهایەیە، کە بە ملیاران مرۆڤ لەسەردەمی فەلسەفەی ژمارەیی و لە ژینگەی "ڤیرچواڵ ریاڵیتی" پەی پێ دەبەن، ئەگەر چی هێشتا هەر زمان شان بە شانی شۆڕشی ڕێژەیی فەرهەنگی، کەرەستەی سەرەکیی فەلسەفەیە. 

سیستەمەکان لە فەرهەنگێکەوە بۆ فەرهەنگێکی تر جیاوازن، بەڵام هەموو فەرهەنگەکان بە یەکسانی شیاون و هیچ پێوەرێكی کامڵ نیە بۆ پێوانەکردنی چاکە و خراپە، یان بۆ پێوانەکردنی ڕاست یان هەڵە. چاكە و خراپە، راست و هەڵە بەرهەمی ئەو کۆمەڵگە و شارستانیەتەن، کە مرۆڤەکان ئینتمایان بۆی هەیە و ناتوانن ببن بە پێوەری گشتی.

بۆیە گەندەڵی و ناگەندەڵی فەلسەفە یان تێوەگلانی فەلسەفە بە گەندەڵیی مرۆڤ لە کاتی نمایش و پراکتیزەکردنی چەمکە دینی و ئایدیۆلۆژیای دەروونییە یاخییەکاندا، کارگەلێکی جەمسەریە بۆ مانەوەی ڕەگەزی مرۆیی و تەنها ئامرازی بیرکردنەوە نیە.

ناکرێ ئەم سەردەمە ناوبنرێت سەردەمی کۆتایی ئەخلاق و ئەم سەدەیە بە سەدەی کۆچکردنی چەمکی ئەخلاقی کلاسیك ناوزەد بکرێت. 

فەیلەسوفەکان خاوەندی هزری بەرز و ڕۆشنگەرایین و بەردەوام هەوڵ دەدەن بۆ چاککردنی دۆخی کۆمەڵگەکانیان، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی ناوخۆ و دەرەوە، لەپێناو ژیان لەجیهانێك، کە تەژی بێت لە خۆشەویستی و لێبووردەیی و دادپەروەری و گەشەسەندن.

مێژووی فەلسەفە پڕە لەو فەیلەسوفانەی، کە کاریان لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی و گرفتەکانی کۆمەڵگەکانیان کردووە.

دیارترین نموونە بیرکار و فەیلەسوفی گەورەی دیاردەگەرایی ئەڵمانیە، ئێدمۆند هۆسرل، خاوەندی کتێبی "قەیرانی زانستەکانی ئەوروپا و فینومینۆلۆژیای ترانسێندێنتالی"، کە وەکو سوکرات و ئەفڵاتون و ئەرستۆ و تۆما ئەکوینی و تۆماس هۆبز و جۆن لۆك و بێرتراند ڕاسل و لێڤی شتراوس و کەسانی تر بە باشترین شێوە گوزارشی لە قەیران و گرفتەکانی کۆمەڵگەی خۆی کردووە.

بۆیە هیچ کاتێك فەیلەسوف و بیرمەندەکان هۆکاری دواکەوتن و داڕمانی کۆمەڵگەکانیان نەبوون، بە پێچەوانەوە ئەوان بەردەوام هۆکاربوون بۆ ئەوەی وڵاتیان لە گێژەنگاوی قەیرانەکان ڕزگاری بێت و نەتەوەکانیان دووچاری نەهامەتی گەورە نەبن.

ئەمڕۆ فەلسەفە تەنها گەمەیەکی هزری، یان کەرەستەیەکی فێرکاری و ڕێبازێکی تیۆری گشتگیر و بەرزەفڕ نیە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گۆڕانکاری و کارتێکردن لە واقیع و ئاراستەکردنی.

 ئەمڕۆ فەیلەسوف تەنها دانایەك نیە، بەڵکو سیاسییە، نە بە مانا ئایدیۆلۆژییەکەی سیاسەت، بەڵکو بە مانا فەلسەفی و ئەخلاقییەکەی چەمکی سیاسەت. بۆیە فەلسەفە وەکو ئاراستەکار و ڕێبەری کۆمەڵگە و بابەتە سەرەکییەکانی دەمێنێتەوە. 

* دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبێرگ-ئەڵمانیا