دوایین زانیاریی و كاردانه‌وه له باره‌ی یارییه‌كه‌ی نێوان ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیا
ئه‌مڕۆ له قۆناخی هه‌شتی پاڵه‌وانییه‌تیی یۆرۆی 2016ـی فره‌نسا هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
له كاتژمێر 10:00ـی ئه‌مشه‌و به كاتی باشووری كوردستان له یاریگه‌ی (نۆڤۆ ستاد دی بۆردۆ) هه‌ڵبژارده‌ی مانشافته‌كانی ئه‌ڵمانیا و ئازوورییه‌كانی ئیتاڵیا رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، براوه‌ی ئه‌م یارییه‌ش له یاریی پێشكۆتایی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه ڕووبه‌ڕووی براوه‌ی یاریی نێوان فره‌نسا و ئایسله‌ندا ده‌بێته‌وه.
ئیتاڵیا پێكانی هه‌یه
هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا بۆ ئه‌م یارییه، به‌هۆی پێكانه‌وه له تواناكانی (كاندرێڤا) بێبه‌ش ده‌بێت، به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی لاگازیتا دیللۆ سپۆرت، ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ری ئیتاڵیا بۆ شوێنی ئه‌م یاریزانه پشت به تواناكانی (ستۆراو) ده‌به‌ستێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، به‌هۆی پێكانه‌وه گومان له به‌شدارینه‌كردنی (دی رۆسی) ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا هیچ شتێكی فه‌رمی له باره‌ی دوورخرانه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه رانه‌گه‌یاندراوه.
فلۆرێنزی هه‌ڕه‌شه ده‌كات
ئه‌لیساندرۆ فلۆرێنزی، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا له باره‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هه‌مووان له ئیتاڵیا تۆقیون.
فلۆرێنزی ناوه‌ڕاستكاری ته‌مه‌ن 25 ساڵ كه له یانه‌ی رۆما یاریی ده‌كات، ده‌شڵێت: ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین مێژوویه‌كی نوێ به‌سه‌ر مانشافته‌كان بنووسینه‌وه و خۆمان بگه‌یه‌نینه یاریی پێشكۆتایی.
مانشافته‌كان نیگه‌رانن
هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا به‌شێوه‌یه‌كی باش خۆی بۆ یارییه‌كه ئاماده كردووه و هیچ یاریزانێكی دوورخراوه و پێكانی نییه، به‌ڵام به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانیا، مانشافته‌كان له ده‌نگۆی ئاماده‌نه‌بوونی ئانگێلا مێركل، ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانن، له كاتێكدا له‌سه‌رجه‌م یارییه‌كانی دیكه‌ی رابردووی ئه‌ڵمانیا له یۆرۆ ئاماده بووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ جه‌خت له‌وه كراوه‌ته‌وه كه (مێركل) به‌هۆی سه‌رقاڵبوونی به كاری تایبه‌ته‌وه ناتوانێت ئاماده‌ی یاریی نێوان هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا بێت.
ئاوڕدانه‌وه له مێژوو
له مێژووی پاڵه‌وانییه‌تییه گه‌وره‌كانی هاوشێوه‌ی مۆندیال و جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپا، هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا نه‌یتوانیوه له ئیتاڵیا بباته‌وه.
دوایین جاریش كه له یۆرۆ رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، له یاریی پێشكۆتایی یۆرۆی 2012 بوو، كاتێك ئیتاڵیا به دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك یارییه‌كه‌ی له ئه‌ڵمانیا برده‌وه.
دوایین یارییش كه ئه‌م دوو هه‌ڵبژارده‌یه له مۆندیال ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه له یاری پێشكۆتایی جامی جیهانی 2006 بوو، دیسان ئیتاڵیا مێژووی به‌سه‌ر مانشافته‌كان دوورباره كرده‌وه و به دوو گۆڵی بێ‌وڵام یارییه‌كه‌ی برده‌وه، به‌ڵام مانشافته‌كان له دوایین یاریی دۆستانه‌یان كه له 2013 به‌ڕێوه چوو، گۆڵبارانی ئیتاڵیای كرد و به چوار گۆڵ به‌رانبه‌ر تاكه گۆڵێك یارییه‌كه‌ی برده‌وه.