ڤینسیۆس هه‌مان رێگه‌ی نێیمار ده‌گرێته‌به‌ر

ڤینسیۆس جۆنیۆر و نێیمار دا سیلڤا
ڤینسیۆس جۆنیۆر و نێیمار دا سیلڤا

لە دوای نێیمار داسیلڤا، ئەمجارەیان ڤینیسیۆس جونیۆری هاونیشتیمانی و یاریزانی هەڵبژاردەی بەڕازیل، دەیەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای وەرزشی نایکی ئەمریکی هەڵوەشێنێتەوە.

ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، هەڕەشەی لە کۆمپانیای نایکی کردووە گرێبەستەکەی لەگەڵیان هەڵدەوەشێنتەوە، بەهۆی ئەوەی رەفتارەکانیان بەرامبەری باش نەبووە و، زۆر گرنگیان پێنەداوە.

ڤینسیۆس جونیۆر یەکێکە لەو یاریزانانەی کە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نایکی ئەمریکی هەیە، کۆمپانیایەکە جل و بەرگی وەرزشی تایبەت بۆ ئەو یاریزانە دابین بکات، بەڵام یاریزانەکە لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە رازی نیە، داوای لە پارێزەرەکەی کردووە گرێبەستەکە هەڵوەشێنتەوە.

ڤینی دووەم یاریزانی هەڵبژاردەی بەڕازیلە دەیەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکە هەڵوەشێنتەوە، پێشتریش پێش دەست پێکردنی مۆندیالی 2022، نێیمار داسیلڤای هاونیشتیمانیشی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیە هەڵوەشاندەوە، نایکی لە پلانەکانیدایە ڤینی وەکو شوێنگرەوەی نێمۆ گرنگی پێ بدات.

ئاژانسی رۆیتەرز هۆکارەکەی ئاشکرا کردووەتەوە و بڵاویکردووەتەوە، ڤینیسیۆس پێیوایە کۆمپانیای نایکی گرنگی زۆری پێنادات و جووتە پێڵاوێکی کۆنی بۆ مۆندیال پێیانداوە، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە دوای کۆتایی هاتنی مۆندیال، لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە گرێبەستێکی نوێ واژۆ بکات.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانیش بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە ئەوەیە، کۆمپانیای نایکی پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2022، گرێبەستێکیان لەگەڵ هەڵبژاردەکەیان کردووە، لەم گرێبەستی ناوی ئەوی تێدا نەبووە.

ڤینیسیۆس جونیۆر ماوەیەکی زۆر نیە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای وەرزشی نایکی واژۆ کردووە، گرێبەستی نێوانیشیان تاوەکو ساڵی 2028ـە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت پێشوەختە گرێبەستەکە کۆتایی بێت.